Foto: TT
Foto: TT

ئەگەری دادگایی کردنی گومنالێکراوێک بە تاوانی تیرۆریستی هەیە

1:14 min

کوڕێکی 20 ساڵانە کە دانیشتووی ستۆکهۆلمە بە گومانی ئامادەکاریی بۆ کاری تیرۆریستی ئەگەری دادگاییکردنی هەیە. 

دادوەری گشتی ئێڤاماری هێگڤیک لە یەکەی گشتیی تایبەت بە دۆسییەی ئاسایش دەڵێت ئەو لاو کەرەستەی دروستکردنی بۆمبی خۆکوژی پەیدا کردووە، بەڵام کەرەستەی تەواوەتی دەست نەکەوتووە، پێدەچیت ئەو لاوە خۆی بۆ تەقینەوەیە لە سوید ئامادە کردبێت بەڕای دادوەری گشتی.

ئەو هەروەها دەڵێت بەڵگە لەسەر ئەو لاوە جگە لەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەو زانیارییانەیە کە کەسوکاری ئەو لاوە بە پۆلیسیان گەیاندووە و هەروەها لە موبیلتەلەفۆنەکەیدا دۆزراوەتەوە.

لە تەلەفۆنەکەیدا چەند دۆکومێنتێک دۆزراوەتەوە تایبەت بە چۆنییەتیی دروستکردنی بۆمب هەروەها گۆڤاری سەر بە داعش و ئەلقاعیدە.

بەپێی شایەتیی کەسوکاری ئەو لاوە گوایا وتوویەتی کە بەنیازە خۆی بەو کەسانەدا بتەقێنێتەوە کە دژایەتیی داعش دەکەن.

بەپێی زانیاریی دادگا ئەو لاوە لەماوەی هاوینی رابوردوودا دووجار بە مەبەستی چوون بۆ سوریا و پەیوەندیکردن بە داعشەوە لە تورکیا دەستگیر کراوە و نێردراوەتەوە بۆ سوید.                           

 

 

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista