IS
وێنە: STR

فێرخوازانی گەڕەکەپەڕاوێزەکان لاگری داعشن

"زیاتر متمانەیان بە کۆمەڵە دینییەکانە"
2:40 min

یەک لە دەی فێرخوازانی گەڕەکە پەڕاوێزەکان لە شاری یۆتۆبۆری لایەنگریی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک داعش دەکەن.

لەو ڕاپرسییەدا کە کۆمەڵەی (Varken Hora eller Kuvad) ئەنجامی داوە پرسیار لە 1200 فێرخوازی تەمەن 12-18 ساڵ لە چەند فێرگایەکی گەڕەکە پەڕاوێزەکانی شاری یۆتۆبۆری بۆ نموونە گەڕەکی ئانگێرێد و باریخۆن کراوە، بەو ئامانجەی لە پرسی توندووتیژی بە پاساوی شەرەف لە ناوچە کێشەدارەکاندا بکۆڵدرێتەوە.

بەڵام پرسیاری ئەوەش کراوە کە ئاخۆ لایەنگریی ڕێکخراوە تووندڕەوە ئیسلامییەکانی وەک داعش دەکەن یان نا، لە وەڵامدا  زیاد لە 130 فێرخواز کە لە سەدا 11 ی سەرجەم پرسیارلێکراوان دەکات بە ئەرێ وەڵامیان داوەتەوە. لەسەدا 13 کەسێکیان ناسیوە کە لایەنگریی لەو بزووتنەوە تووندڕەوانە دەکەن.

هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا دەرکەوتووە کە زۆرینەی فێرخوازان متمانەیان بە دەستگە دەوڵەتییەکان نییە بۆ نموونە لەسەدا 22 متمانەیان بە فێرگا و لە سەدا 25 بە پۆلیس هەیە، لە بەرامبەردا لە سەدا 49 ی فێرخوازان متمانەیان بە کۆمەڵە ئاینییەکان هەیە.  

جێی باسە کۆمەڵەی (Varken Hora eller Kuvad) لێکۆڵینەوەیەکی هاوشێوەیان لە گەڕەکە پەڕاوێزەکانی ستۆکهۆلم ئەنجام دا لەلایەن شارەزایانەوە ڕەخنەی ئەوەیان لێ گیرا کە لێکۆڵینەوەکە پێوەرەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی پڕ ناکاتەوە.

بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە نوێیەی شاری یۆتۆبۆری لەلایەن دکتۆر هانس ئێکبراند لە کۆلیژی کۆمەڵناس لە زانکۆی یۆتۆبۆری و خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆی لینشۆپینگەوە لێکۆڵراوەتەوە. هانس ئێکبراند لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیە دەڵێت، ئەو لێکۆڵینەوەیە نابێت وەک ئاوێنەی هەموو شاری یۆتۆبۆری ببینرێت لەبەرئەوەی تەنها لەو ناوچانەدا ڕاپرسی کراوە کە پەڕاوێز و بەکێشەن. بەڵام لەهەمانکاتدا کە 130 فێرخواز لایەنگریی لە گروپی تووندڕەوی وەک داعش دەکەن ژمارەیەکی یەکجار زۆرە و دەبێت ئەو پرسە بەهەند بگیرێت.

سەبارەت بە دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە لۆتتا لیندێ لوندگرێن بەرپرسی چالاکی لە بەڕێوەبەرایەتی گەشيپێدانی کۆمەڵایەتی لە شاری یۆتۆبۆری دەڵێت  بەداخەوە کە ئەو ژمارە زۆرە لە فێرخوازان لایەنگری لە گرووپی تووندڕەوی وەک داعش دەکەن بەڵام کۆمۆنەکان بەردەوام کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیروبۆچوونی تووندڕەوانە دەکەن وخێزان و کەسوکاری ئەو لاوانەش بەشێکی بەهیز و کاریگەرن لە ڕێنیشاندنی ئەو لاوانە بۆ دوورکەوتنەوە لەو گرووپە تیرۆریستانە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".