skolan
وێنە: JANERIK HENRIKSSON / TT

دەنگدەران دژ بە بنەمای قازانجن لە فێرگادا

قازانج ئاستی خوێندن دوا دەخات
2:57 min

ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان پێیان وایە پارەپەیداکردن لەڕێی فێرگاکانەوە کاریگەریی خراپی لەسەر فێرکاری هەیە.

 لە ڕاپرسییەکی نووسینگەی ئاماری (Ipsos) کە لە سەر ئەرکی ڕۆژنامەی (DagensNyheter) ئەنجام دراوە، هاتووە کە لەسەدا 46 ی ئەو کەسانەی پرسیاریان لێ کراوە دەڵێن کۆمپانیا پریڤاتەکان دەرئەنجامی خراپیان لەسەر خوێند هەیە و لەسەدا 64 یشیان دژ بە بنەمای قازانج کۆکردنەوەن لە بواری فێرگاکاندا.

بەڵام بۆ بواری تەندروستی لە سەدا 37 ی پرسیارلێکراوان پرنسیپی قازانج بە باش دەزانرێت، بەراورد لە سەدا 30 کە دژ بەو جۆرە قازانجەن بۆ نموونە لە بواری پزیشکیی دددان و بنکە تەندروستییەکان. هەروەها زۆرینەش دژ بە دابەشکردنەوەی قازانجن بەسەر خاوەنی کۆمپانیاکاندا، لەبەرئەوەی کەرتی خزمەتگوزاریی گشتیی بەڕای دەنگدەران بە پارەی باجی هاوڵاتییان دەڕاوت بەڕێوە و نابێت قازانجی ئەو بوارە بدرێتە خاوەنی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو کەرتە.

ئەو کەسانەی لە ڕاپرسییە بەرفراوانەکەی ئیپسۆسدا بەشدار بوون جیاوازی لە نێوان کەرتە جیاوازەکانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەکەن، خەڵکی زیاتر نیگەرانی ئەوەن کە گەر کۆمپانیا تایبەتەکان فێرگاکان ببەن بەڕێوە لەبەر کۆکردنەوەی قازانج گەشەپیدانی خوێندن دوا دەکەوێت، ئەمەش لە لێکۆڵینەوەی جیهانی (Pisa) تایبەت بە ئاستی خوێندنی فێرگاکان دەرکەوت کە ئاستی زانیاریی فێرخوازە سویدییەکان لە فێرگا سەرەتاییەکاندا دابەزیوە.

جێی باسە پرسی ئەو کۆمپانیا پریڤاتانەی کە لە کەرتی گشتییدا واتا کەرتی خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانی گشتییدا سەرمایەگوزاری دەکەن بۆ نموونە فێرگا و نەخۆشخانەکان یەکێکە لە پرسە سیاسییە گەرمەکانی ئەم پاییزە و هەشتی ئەم مانگەش کە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو دەکات  ئیلمار ریپالو لێکۆڵینەوەکەی سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورێک بۆ قازانجی کۆمپانیا پریڤاتەکانی کەرتی خۆشگوزەرانیی گشتی پێشکەش بە حوکوومەت دەکات.

لەو لێکۆڵینەوەیەدا لەو پێشنیازانە کۆڵراوەتەوە کە پارتە سیاسییەکان لەسەر پرسی قازانجی کۆمپانیا پریڤاتەکان پێشکەشیان کردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید، ئێکۆت کەوتووە لێکۆڵینەوەکە پێشنیازی ئەوە دەکات کە قازانجی کۆمپانیاکان بە لە سەدا 7 سنووردار بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیازە پێناچێت کاری پێ بکرێت. لەبەرئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ نییە لە کاتێکدا هاوپەیمانی ڕاست و پارتی دیموکراتەکانی سوید دژ بە دیاریکردنی سنوورن بۆ قازانجی کۆمپانیا تایبەتەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی.

جێی باسە پارتەکانی بەرەی سوورسەوز لە سۆسیالدیموکرات و ژینگە  هەروەها لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن پارتی چەپ چەندین ساڵە هەوڵ بۆ سنووردارکردنی قازانجی کۆمپانیا تایبەتەکان لە بواری خزمەتگوزاریی گشتییدا وەک فێرگا و بواری تەندروستی دەدەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".