من بۆچى چیرۆک ئه‌نووسم

ڕه‌نگه‌ به‌شێکى گه‌وره‌ى بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ئێستا بۆتانى ئه‌گێڕمه‌وه‌.

هه‌موو شتێک له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌ستى پێکرد که‌ خانمێکى میهره‌بان به‌ گریانه‌وه‌ به‌خۆى و دوو جانتا دیارى جوانه‌وه‌ خۆى کرد به‌ ژوورداو باوه‌شى به‌ باوکمدا کرد و تێرگریا به‌سه‌ریدا. پاش نه‌ختێک بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌و خانمه‌ میهره‌بانه‌ نه‌نکى ئێمه‌یه‌و له‌ وڵاَتێکى تر ئه‌ژى و بۆ پێنج ساڵ ئه‌چێت  باوکمى نه‌بینیوه‌، ئه‌و به‌ ڕێگاى قاچاخ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتبوو بۆ سلێمانى.

ئه‌و خانمه‌ که‌ گوایه‌ ئه‌یانووت نه‌نکى منه‌ به‌رده‌وام باوه‌شى پیائه‌کردم و ئه‌یگێڕایه‌وه‌ که‌ دایکى دووهه‌مى منه‌و به‌ مناڵى به‌رده‌وام له‌ شیرى مه‌مکه‌کانى ئه‌وم خواردووه‌. چه‌ند سه‌عاتێک له‌ گه‌یشتنه‌که‌ى نه‌گوزه‌رابوو که‌ ده‌ستى به‌ جانتا جوانه‌که‌یدا کردوو یه‌کى جووتێک گواره‌ى جوانى ئاڵتوونى کرده‌ گوێیه‌کانمان، ئێمه‌ و به‌تایبه‌ت من سه‌ره‌تا نه‌مانئه‌ویست و باوه‌ڕمان نه‌ئه‌کرد که‌ ئه‌مه‌ نه‌نکى ئێمه‌یه‌.

ـ نه‌نک یه‌عنى چى؟

خودایه‌ چۆن ئه‌بێت هه‌رکه‌س جوتێک گواره‌ت له‌ گوێبکات و  بڵىَ (نه‌نکى تۆم) و تۆش باوه‌ڕ بکه‌یت.

خوشکه‌کانم زووتر قبوڵى نه‌نکى تازه‌یان کرد و دواتر به‌ فیزه‌وه‌ ڕۆیشتنه‌ به‌رده‌رگاو گواره‌کانیان پیشانى هاورێکانیان داو به‌سه‌رهاتى نه‌نکى تازه‌یان بۆ هاوڕێکانیان گێڕایه‌وه‌.

ئه‌و کاتانه‌ من منداڵێکى چڵکنى پێنج ساڵاَنى ته‌نهابووم، که‌ پڕبووم له‌ پرسیارو هه‌رگیز که‌س نه‌بوو وه‌ڵاَمم بداته‌وه‌، دایکم هه‌میشه‌ به‌خۆیى و جله‌ڕه‌شه‌کانى به‌ریه‌وه‌ یان بۆ برا شه‌هیده‌کانى ئه‌گریا یان بۆ به‌ختى هه‌رگیز خۆشى نه‌دیوى خۆى، ئافره‌تێکى تابڵێى میهره‌بان به‌ڵاَم ده‌ستخاڵى له‌به‌رده‌م پرسیاره‌ سه‌یره‌کانى مندا. خوایه‌گیان تۆ بوویت یان که‌سێک که‌ نازانم دایک و باوکم بوون یان هه‌موو شته‌کان که‌ پاڵتان پێوه‌ئه‌نام و له‌ته‌مه‌نى خۆم دوورو دوورترتان ئه‌خستمه‌وه‌؟!

من تابێت ته‌نهاو ئاشکراتر سێبه‌رێکم له‌ نائومێدى یان باشتره‌ بڵێم له‌ کۆتایى شته‌کاندا ئه‌بینى، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌رپىَ سوورمه‌و هێله‌که‌ قه‌یفانه‌و کراسه‌ پرژه‌ خومپاره‌کانیشدا، که‌ مریه‌مى دراوسێمان زۆر وه‌ستایانه‌ بوکه‌کانمانى بۆ ئه‌دورین و به‌نرخێکى زۆر گران پێى ئه‌فرۆشتین. له‌ویاشدا نائومێدى هه‌بوو، پرسیارم هه‌بوو، پرسیارى به‌بىَ وه‌لاَم و پرسیار له‌ کۆتایى شته‌کان، نائومێدى و شه‌ڕکردن و سوێندخواردن له‌ پرسیار نه‌کردن، له‌و هه‌موو بۆچیانه‌ له‌ شته‌کاندا، له‌و شته‌ تازانه‌ى که‌ چاوه‌ منالاَِنه‌کانى من نه‌ختێک گه‌وره‌تر ئه‌یانبینى.

دایکیشم نه‌یئه‌زانى که‌ کچه‌ قژ کورته‌ ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌که‌ى، به‌دوو چاوى پڕ له‌پرسیارى نه‌پرسراوه‌وه‌ چى ئه‌وێت و چى له‌ مێشکه‌ پچوکه‌که‌یدا حه‌شارداوه‌!

من خۆشم نه‌مئه‌زانى که‌ بۆچى هه‌میشه‌ له‌ یارییه‌کاندا ئه‌مویست ببم به‌ دایک، ببم به‌ دایکێک که‌ مێرده‌که‌ى شه‌ڕى له‌گه‌ڵداَ بکات به‌ڵاَم هه‌میشه‌ش تاقه‌تى وه‌لاَمدانه‌وه‌ى پرسیارى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانى هه‌بێت.

ئێستاش به‌باشى تێناگه‌م به‌ڕاستى چۆن له‌ ماڵه‌باجێنه‌کاندا کاتێک مێرده‌ گاڵتینه‌که‌ى پێنج ساڵه‌یم شه‌ڕى له‌گه‌ڵ ئه‌کردم ئه‌متوانى خوڕخوڕ فرمێسک به‌چاوه‌کانما بێته‌خواره‌وه‌. من بۆ وابووم، من دڵنیام که‌ شتێک له‌ مێشکى مندا ئه‌گوزه‌را جیاواز له‌ مناڵه‌کانى تر،  ئاه سه‌رم چه‌ند قورس و گه‌وره‌بوو، چه‌ند حه‌زم له‌ هه‌ڵکوڕمان له‌ سوچى تاریکى ژووره‌کان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ شته‌کان ئه‌کرد.

پاش سىَ ڕۆژ گریان و تۆران له‌ خواردن من که‌وتمه‌ دواى ئه‌و خانمه‌ میهره‌بانه‌، که‌ به‌ میهره‌بانییه‌کانى خۆى ڕایهێناین پێى بڵێین دایه‌ ته‌لىَ، من وه‌عدم به‌ خۆمدابوو که‌ سه‌فه‌ربکه‌م، کورت یان درێژ گرنگ نه‌بوو، من حه‌زم له‌ سه‌فه‌رو بینین و ژماردنى عه‌مودى ئه‌و ڕیگا دوورو درێژو تازانه‌بوو که‌ بڕیارمدابوو به‌هه‌رچ قیمه‌تێک بووه‌ وه‌ تا ژماره‌ له‌ مێشکمدا هه‌بوو بیان ژمێرم.

پێنج ڕۆژو چوار شه‌و به‌ سوارى ئه‌سپ به‌و ڕێگا قاچاخانه‌دا ڕێکه‌وتین تا گه‌یشتینه‌ شارێک که‌ ناوى مه‌ریوان بوو.  مه‌ریوان چه‌ند جوان و ساحیر و شین بوو، هه‌موو شتێک تازه‌و جوان بوو، شه‌قامه‌کانى مه‌ریوان دوورو درێژتربوون له‌و گه‌ڕه‌که‌ى که‌ له‌ سلێمانى لێى ئه‌ژیاین.  چه‌ند خۆشبوو له‌ ماشێندا دانیشتیتایه‌و هه‌ر بڕۆیشتیتایه‌و بیرت بکردایه‌ته‌وه‌و عه‌موده‌ له‌ ژماره‌ نه‌هاتووه‌کانت بژماردایه‌. هه‌موو شته‌کان له‌ چاوه‌کانمدا جوانبوون تا ئه‌و پرسیاره‌ وه‌ک با بىَ پرس خستمیه‌ ناو باوه‌خوڵێێیه‌که‌وه‌.

ئه‌ى که‌ى ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ ئه‌ى کوا دایکم؟ واى چه‌ند بیرى بۆنى دایکمم ئه‌کرد، ته‌نانه‌ت بیرى کراسه‌ ڕه‌شه‌که‌شى. من له‌ کوىَ بووم، ئه‌ى مریه‌م و ڕه‌نگاو ڕه‌نگى جله‌کانى، ئه‌ى خوشکه‌کانم و بووکه‌ په‌ڕۆینه‌کانیان؟ ئه‌ى باوکم، باوکى گایه‌ک خاس و گایه‌ک خراپم؟ کاتێک له‌سه‌فه‌ره‌ دریچژه‌کانى ئه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌که‌ى پڕئه‌کرد له‌ نوور.  ئه‌ى کىَ له‌گه‌ڵ دایکم بگرى کاتێک باوکم مه‌ستى ئه‌کردو شه‌ڕى له‌گه‌ڵ ئه‌کرد؟ ئه‌ى کوا حه‌وشه‌که‌مان و حه‌وزى ئاوه‌که‌و مانگه‌ که‌رتبۆکه‌ى ناوى؟

واى چه‌ند بێتاقه‌تى عه‌مودى کۆلاَنه‌ پیس و پۆخڵه‌که‌مان بووم، ئه‌ى کوا ماڵ ماڵۆکێیه‌کان و هاوڕێکانم؟ ئه‌و هه‌موو شته‌ جوان و ناشیرینانه‌ى وه‌ک بیستنى ناوى لیمه‌ندۆزى که‌ ده‌میان پڕئه‌کردم له‌ ئاو، له‌ناکاو پڕیان ئه‌کردم له‌ پرسیار. ئه‌و ڕۆژه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌م سه‌رکێشى سه‌فه‌ره‌م له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى دوور خستومه‌ته‌وه‌، تازه‌ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ به‌سه‌رچوو، سه‌رده‌مى دزینى لیمه‌ندۆزى و ترش و خوىَ له‌ دۆلاَبه‌ سه‌وزه‌که‌دا. تازه‌ که‌س له‌ ماڵ ماڵۆکییه‌کاندا نابێته‌ هاوڕىَ و مێردم. من سه‌رى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانم نادۆزم، تازه‌ ڕابردووى جوان ته‌واو، ته‌نها ئێستا هه‌بوو، ئێستایه‌ک پڕپڕ له‌ ترس و تۆقینى تۆپ و ته‌یاره‌و ئاواره‌یى.

ئه‌وکاته‌ى به‌ده‌م ئه‌م بیرکردنه‌وانه‌وه‌ به‌ هێواشى وه‌ک ده‌ستهێنانم به‌سه‌ر سه‌رى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانى ناو ماڵ ماڵۆکێکه‌کانى هه‌فته‌یه‌ک له‌وه‌وبه‌رمدا که‌وتبوومه‌ گریان، دوو که‌نیشکى چه‌ند ساڵ گه‌وره‌تر له‌خۆم هاتن و به‌ چپه‌ پێیان ووتم: که‌ ئه‌وان پورى منن و ئه‌توانم به‌ناوى خۆیانه‌وه‌ بانگیان بکه‌م  ُنه‌رمین و سه‌باحُ . بردمیانه‌ ناو دالاَنێکى درێژو تاریکه‌وه‌، دایان نیشاندم و گوێم له‌ خڕه‌ى هه‌ڵڕشتنى شتگه‌لێک بوو وه‌ک حه‌لا، پاشان پێیان ووتم چاوه‌کانم توند توند بنوقێنم. دواتر که‌ چاوه‌کانم کرده‌وه‌، واى واى ئه‌وه‌ خه‌ونه‌، که‌واته‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ش هه‌ر به‌شى سه‌ره‌تاى ئه‌م خه‌ونه‌یه‌، که‌واته‌ به‌یانى به‌ده‌نگى دایکم خه‌به‌رم ئه‌بێته‌وه‌ که‌ ئه‌ڵىَ: ده‌ ڕۆڵه‌ هه‌سته‌ وا نیوه‌ڕۆیه‌.

زۆرباشه‌ که‌واته‌ ئه‌وه‌نده‌ى گرفانه‌کانم بیگرێت موورو ئه‌به‌مه‌وه‌ بۆیان، ئیدى نه‌ئه‌و  پرسیاره‌ ناله‌بارانه‌ له‌ دایکم ئه‌که‌م که‌ تواناى وه‌لاَمدانه‌وه‌یانى نییه‌، نه‌ ئیدى لیمه‌ندۆزى له‌ دۆلاَبه‌ سه‌وزه‌که‌ ئه‌دزم. هه‌زاران هه‌زار مووروى جوان و ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌رده‌ستما دانرابوون، ئه‌و دوو که‌نیشکه‌ جوان و جل به‌نه‌وشانه‌ که‌ گوایه‌ پوره‌کانى من بوون، پێیان ووتم: تا ملم تواناى هه‌ڵگرتنى قورسى ملوانکه‌کانى هه‌یه‌، ئه‌توانن ملوانکه‌م بۆ بهۆننه‌وه‌، وه‌ له‌به‌یانیشه‌وه‌ ئیدى  ئه‌توانم له‌گه‌ڵیان بم و مورمورێن بکه‌م. من بووم که‌ بڕیارم ئه‌دا کام له‌ موورووه‌کانم ئه‌وێت، ئه‌و دوو که‌نیشکه‌ش ئه‌یانکرد به‌په‌ته‌وه‌. به‌خۆمم ئه‌وت مادام ئه‌م سه‌فه‌ره‌ هه‌مووى خه‌ونه‌، چش هه‌مووى سه‌عاتێک ناخایه‌نێت منیش با ملوانکه‌که‌م درێژترین ملوانکه‌ى دنیابێت.

ئه‌و سه‌فه‌ره‌ خه‌ون نه‌بوو به‌یانى نه‌ نیشانێک له‌ حه‌وزو مانگى که‌رتکراوم بینى، نه‌دایکم و نه‌ ئیدى به‌خه‌ونیش ده‌رپێى جلى کوردیم بۆ بوکه‌کانم کڕى و نه‌ده‌ستم گه‌یشته‌وه‌ دۆلاَبه‌ سه‌وزه‌که‌مان. به‌هۆى شه‌ڕى نێوان عێراق و ئێرانه‌وه‌ پاش دوو ساڵ و نیو له‌ نیوه‌ڕۆیه‌کى گه‌رمدا کاتێک به‌ کۆمه‌ڵێک دیارى جوانه‌وه‌ وه‌ک ئه‌و خانمه‌ نازداره‌ که‌ ڕۆژێکى ناگه‌هان خۆى کردبوو به‌ ماڵه‌که‌ماندا منیش ده‌رگاى حه‌وشه‌که‌م ترازاندو خۆم به‌ژووره‌وه‌دا کرد.

دایکمم بینى تا ئێستاش به‌رده‌وام جلى ڕه‌شى له‌به‌ردایه‌و به‌رچاوى ڕه‌ش بۆته‌وه‌، که‌مێک له‌ جوانیه‌که‌ى جارانى که‌م بۆته‌وه‌و باوه‌شى پیاکردم و ته‌نها دوو ماچى کردم، من حه‌په‌سام. 

که‌ ڕۆژگارێکى تر کاتێک توانیم وه‌لاَمى هه‌ندێک له‌ پرسیاره‌کانم چنگکه‌وێت و دڵنیابووم،  ئا دڵنیابووم که‌ پاش ئه‌وه‌ من سه‌فه‌ره‌ دوورو درێژه‌کانى خۆم ده‌ست پێئه‌که‌م و ئه‌و له‌حزه‌ى ته‌نهاییه‌تان بۆ باس ئه‌که‌م، کاتێک دایکم ئه‌وه‌نده‌ ته‌نهاو وه‌ڕس بوو، دواى دووساڵ و نیو دورى لێى ته‌نها دوو ماچى کردم، ته‌نها دوان، کوێرببم گه‌ر درۆبکه‌م.

دواى دووساڵى یه‌که‌م سه‌فه‌رم و عسیبوونم له‌ مه‌ریوان، ئه‌مجاره‌ هه‌موومان چوینه‌وه‌ مه‌ریوان و له‌وىَ ژیاین تا ساڵى دوو هه‌زار سه‌رله‌نوىَ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ سلێمانى. کاتێکیش پاش دووساڵ له‌ گه‌یشتنم بۆ ئێره‌، نامه‌یه‌کم بۆ یه‌کێک له‌ پوره‌کانم نارد. ئه‌مه‌ نامه‌که‌مه‌:

که‌ئینسان دوور ئه‌که‌وێته‌وه‌ نازانىَ به‌ شوێن چ به‌شێک له‌ منداڵى خۆیا که‌ له‌ شوێنێکى دوور جێیهێشتووه‌ بگه‌ڕێت، کاتێکیش که‌ منداڵه‌ نازانێک چ به‌شێکى منداڵى له‌ کاتى گه‌وره‌یدا له‌گه‌ڵیدا زنده‌گى ئه‌کات.

من ئێستا جار جار هه‌ر له‌خۆمه‌وه‌ منداڵم و ئه‌ڕۆمه‌وه‌ ژێر ته‌په‌ى که‌وتنه‌خواره‌وه‌ى هه‌ڵوژه‌ زه‌ردو سووره‌کانىحه‌وشه‌که‌ى دایه‌ ته‌لىَ و ئێستاش به‌قه‌ده‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ ئاو ئه‌زێته‌ ده‌مم و ده‌مم پڕئه‌بێت له‌ئاوى ئه‌و یادوه‌رییه‌ جوانانه‌. هه‌ست به‌سووتانى ده‌مم ئه‌که‌م کاتىَ بیر له‌ تامى به‌رکوڵى چۆنه‌ربه‌ترش و دۆخه‌واکانى دایه‌ته‌لىَ ئه‌که‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ منداڵم که‌ ئێستاش سه‌یرم له‌ گه‌وره‌یى خۆم دێت، گه‌وره‌ییه‌ک به‌سه‌یره‌وه‌ سه‌یرى منداڵیم ئه‌کا، ئه‌وه‌نده‌ منداڵ که‌سه‌یرم له‌ گه‌وره‌ى توت فه‌ره‌نگیه‌کانى باخه‌که‌ى کاکه‌ حه‌مه‌ و ئه‌و چواله‌ گه‌ورانه‌ى سه‌یرانه‌که‌ى سیانزه‌ به‌ده‌ر دێت که‌ پێموابوو له‌ خواش گه‌وره‌ترن، ئێستاش هه‌ست به‌ سه‌رماى ئه‌و بارانه‌ به‌تاوه‌ ئه‌که‌م که‌ بارگه‌و بنه‌ى پىَ پێچاینه‌وه‌. ئێستاش و سه‌د ساڵى تریش بیرى ئه‌و سفره‌ گه‌وره‌یه‌ ئه‌که‌م که‌ دایه‌ ته‌لىَ ڕایئه‌خست، ئه‌وه‌نده‌ درێژبوو که‌ من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ شتنى قاپه‌کانى ئه‌ترسام، ئێستا هه‌ستى پىَ ئه‌که‌م دایه‌ته‌لىَ ئه‌یویست له‌ززه‌ت له‌ ده‌سه‌ڵاَتى خۆى ببینىَ، ده‌سه‌ڵاَتى دروستکردنى ده‌ منداڵ و حه‌ڤده‌ نه‌وه‌، ئه‌یویست بۆ ساتێک دڵى خۆشبکات و خۆى وه‌ک شازاده‌یه‌ک بێته‌ به‌رچاو، شازاده‌یه‌کى ده‌سه‌ڵاَتدارو میهره‌بان، گه‌ر ئه‌ڕۆیشتمه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌زه‌تم له‌ درێژى و ڕه‌نگاو ڕه‌نگى سفره‌که‌ ئه‌برد، له‌زه‌تم له‌ تام و له‌ میهره‌بانى چاوه‌کان و له‌پێکه‌وه‌ بوون ئه‌برد، بۆ ساتێک بیرم له‌ باوکم نه‌ئه‌کرده‌وه‌ که‌ زۆرینه‌ى جار غایب بوو، گه‌ر ئه‌ڕۆیشتمه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ى که‌ حه‌وشه‌ پڕبوو له‌ ته‌په‌ى که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى میوه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ئاوداره‌کان و فواره‌که‌ش پڕبوو له‌ شینى ئاو، که‌ ژێرزه‌مینه‌که‌ پڕبوو له‌ بۆنى کۆنى و ئه‌ساڵه‌ت و فێنکى، هه‌رگیز بیرم له‌ قورسى شتنى حه‌وشه‌که‌ نه‌ئه‌کرده‌وه‌ که‌ جار جار دایه‌ته‌لىَ ئه‌یووت: ها کچه‌که‌ گیان نه‌ختىَ ئاوى پیاکه‌.

بیرم له‌ شتنى قاپه‌ زۆره‌کانى سفره‌که‌ نه‌ئه‌کرده‌وه‌، بیرم له‌ هاروهاجى منداڵه‌کانى نیگار و  قه‌مىَ نه‌ئه‌کرده‌وه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نها گوێم بۆ شنه‌ى سپى داره‌کانى به‌رده‌رگا ئه‌شنه‌وت، که‌ مێوه‌کان به‌خۆیان و بۆڵه‌ ترێکانیانه‌وه‌ پیایاندا هه‌ڵزنابوون.

گوێم بۆ شڵپه‌ى ئاوڕشێنى ئێوارانى به‌رده‌رگا ئه‌گرت که‌ پڕبوو له‌ هێمنى و فێنکى، له‌ماڵى خۆمانه‌وه‌ تا ماڵى ئێوه‌ سه‌رم دانه‌ئه‌نه‌واند له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که‌متر سڵاَو له‌ ژنان و له‌ ڕێبۆاران بکه‌م، جار جار سه‌رم به‌رز ئه‌کرده‌وه‌و تاوىَ لاى سانیه‌ ئه‌وه‌ستام تا که‌مێک باسى کچه‌کان و مه‌جیم بۆ بکات، تێر سه‌یرى ئه‌و ژنانم ئه‌کرد که‌ کۆشیان پڕبوو له‌سه‌وزى و چاویان پڕبوو له‌ ته‌ماشاو ته‌مه‌ننا.

ئاخ گه‌ر جارێکى تر بڕۆشتمایه‌ته‌وه‌ بۆ (نىَ) ، بۆ به‌ر ته‌ماشاى دڕى پیاوانى دێهاتى، به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ سه‌یرکردنى کچان و ژنانى گوێى گوێسوانه‌کان، ئه‌ڕۆیشتمه‌وه‌ بۆ لاى فێنکى گۆزه‌ى کچانى کانى گه‌زنه‌و بۆ به‌رزى دارگوێزه‌که‌ى و خوڕه‌ى ئاوه‌که‌ى و بۆلاى ده‌نگى ئه‌ڵڵاو ئه‌کبه‌رى مزگه‌وته‌که‌ى په‌ناى، بۆلاى چه‌کلى خاڵۆژنه‌ نه‌هىَ و تامى ترش و ڕه‌نگاو ڕه‌نگى هه‌ڵوژه‌کانى، بۆلاى په‌ندو حه‌کایه‌ته‌کانى دایه‌ گه‌وره‌و بۆنى بنێشته‌ کوردییه‌که‌ى و بۆلاى نیلێتى چاوه‌ پڕله‌ کله‌کانى، بۆلاى ترس و ته‌نهایى له‌ ده‌ستشوییه‌که‌ى ماڵى خاڵه‌ مه‌هدى و بۆلاى پێکه‌نینى قسه‌قۆڕه‌کانى، بۆلاى بینینى چاوه‌تیله‌کانى هه‌ڵاڵه‌ که‌ پڕبوون له‌ زه‌ردى و شته‌کانیان نه‌ختێک جوانتر و گه‌وره‌تر ئه‌بینى.


هەر لەم پێوەندییەدا

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".