من فازیل جاف کوڕی عه‌لی کامه‌ران

ستۆکهۆڵم .. بیست ودووی مانگی جانواری سالی 1982  یه‌که‌م رۆژی ژیانم بوو له‌ تاراوگه‌. 

به‌یانیه‌کی زووی زستانێکی هێمن وئارام بوو، من شه‌وێ گه‌یشتم بووم، هاوه‌ڵه‌که‌م فه‌رهاد شاکه‌لی له‌ مه‌تاری ئارلاندا  چاوه‌رێی ده‌کردم ...پاشان پۆلیس به‌ویان سپاردم... ئه‌ویش ده‌ستی گرتم ویارمه‌تی دام و رێنمایی کردم .
سبه‌ینێ بۆ یه‌که‌م جار له‌ شارێکدا پێاسه‌م ده‌کرد که‌ سه‌تاسه‌ر به‌فر دایپۆشیبوو.... له‌ رۆخی ده‌ریاچه‌یه‌کی بچووک له‌ گه‌ڵ  فه‌رهاد پیاسمان ده‌کرد. ده‌ریاچه‌که‌ به‌ستبووی ،  رووکه‌شی ئاوه‌که‌ شه‌خته‌یه‌کی ئه‌ستووربوو....  وه‌کو ئاسنێکی قه‌به‌ خوی ده‌نواند. پێم سه‌یر بوو.. له‌ لایه‌کی ده‌ریاچه‌که‌ وه‌  له‌ که‌نارێکدا...ئاوێکی روون و زوڵالت به‌دی ده‌کرد... وه‌ک ئاوێکی چله‌ی هاوین  پۆلی قازو مراوی مه‌له‌یان تێدا ده‌کرد. له‌ که‌ناریشدا دانه‌وێڵه‌یان بۆ دابینکرابوو....ئه‌م دیمه‌نه‌ رایگرتم. له‌ فه‌رهادم پرسی، بۆی باسکردم که‌ شاره‌وانی  ژیانی ئه‌م باڵندانه‌ له‌ چله‌ی زستاندا... له‌ وه‌رزی شه‌خته‌وسه‌هۆڵبه‌ندا ده‌پارێزی ودانه‌وێله‌یشیان بۆ دابین ده‌کا. ئاه‌ ...ئه‌ی  ئێمه‌ی په‌ناهێنده‌؟ باڵنده‌ راونراوه‌کان له‌ ووڵات وزێدی خۆمان... ئاواره‌ بێنازه‌کانێ کۆتایی سه‌ده‌ی بیست...بۆ که‌س نازی نه‌کێشاین ؟باشه‌  کێ نه‌خشه‌ی چاره‌نووسی به‌م جۆره‌ بۆ کێشاین؟  چی ده‌ستێک  پۆل پۆل فرێی ده‌داینه‌ ئه‌م به‌فرستانی ئیسکه‌نده‌ناڤیایا و... لێره‌ یه‌کدیمان ده‌دۆزیه‌وه‌... گاه‌  به‌یه‌ک شاد ده‌بووین و... گاه‌ له‌یه‌ک ده‌ڕه‌نجاین.
                        *     *     *      *     
 کۆچبه‌ری پریسبان ... دوا شانۆنامه‌بوو به‌ر له‌ گه‌شتی مه‌نفا  نمایشم کرد.پاڵه‌وانی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ هونه‌رمه‌ندێکی ئۆپرالی ئاواره‌یه‌... هه‌موو ته‌مه‌نی جه‌وانیی خۆی له‌ مه‌نفا ده‌باته‌ سه‌ر... یه‌ک خه‌ون .. خولیایه‌ک جۆش وتینی پێ ده‌به‌خشی ... خه‌ونی گه‌رانه‌وه‌ بۆ وولات...ته‌نیا له‌ تافی پێرێتیدا ئه‌م خه‌ونه‌ی دێته‌ دی ... ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌وارگه‌ی جارانی ...  سۆراخی وێنه‌کانی منداڵی ده‌کا...په‌نجه‌ره‌ی یاد له‌ رووی بیره‌وه‌رییکان ئاواڵه‌ ده‌کات ...ده‌گه‌رێ به‌ دوای گۆره‌پانی منداڵی ... به‌ دوای ئه‌و حه‌وزه‌ی مه‌له‌ی تێدا ده‌کرد...ئه‌ی بورجی کلێساکه‌!...بورجی کڵیساکه‌ کوا؟ ئه‌ی زه‌نگه‌کان له‌ کوین؟ دره‌ختی ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌که‌؟ هیچیان له‌ جێگای خۆیان نه‌ماون...ئاخ کۆچبه‌ره‌که‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ووڵاتێکی دی ... بۆ ووڵاتێکی هه‌ڵه‌ ... کۆچبه‌ری پریسبان  دڵی له‌ لێدان ده‌که‌وێ و ده‌مرێ... شانۆنامه‌که‌ پێمان ده‌ڵێ ...کۆچبه‌ران کاتێ وولاته‌کانیان به‌جێده‌هێلن وه‌کو نه‌مامی ناو ئینجانه‌ وان... به‌ڵام که‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ وه‌کو پیره‌ داریان لێهاتووه‌.
 

                    *     *     *      *   
 پایزه‌ رۆژێکی تافی لاوی ... به‌ دڵه‌ڕاوکێ وترس ودوو دڵی... هه‌گبه‌ی ئاواره‌ییم دا به‌شانا ...هه‌ستی لێکدابڕان وده‌ستلێکبه‌ردان... له‌ که‌رکووک باوکم  ده‌ست به‌ جێ دووئه‌وه‌ندی ته‌مه‌ن تێپه‌ڕاند... له‌ سلێمانی هاوڕێیانی خۆم به‌جێهێشت... ئه‌رخه‌وانێکی شاعیر  خوا حافیزی لێکردم و بۆم گریا ...  به‌ناچاری رێگام گرته‌ به‌ر ... به‌ره‌و کوێ؟ گرنگ نه‌بوو... کۆچبه‌ران که‌ رێگای سه‌فه‌ر ده‌گرنه‌ به‌ر... وێستگه‌ی دیاری کراویان نییه‌ ...کۆچبه‌ران بۆ شوێنێک ناڕۆن ...  له‌ شوێنێک هه‌ڵدێن. ئه‌مه‌ش قسه‌ی من نییه‌.
 


 منیش  وه‌کو پیره‌ دارێک گه‌ڕامه‌وه‌  بۆ ووڵات... هه‌ستی نامۆیی .. هه‌ستی ئاواره‌یی ... هه‌ستی بێ ئینتیمایی له‌ جاران خراپتر دایگرتم  ... هه‌ستی  گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ووڵاتێکی نامۆ... ووڵاتێک که‌ ته‌واو تێدا نامۆم... هه‌ستی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ووڵاته‌ی له‌ ده‌روون  وله‌ خه‌ونه‌کانمدا ده‌ژیا ئێستا نه‌ماوه‌... ته‌نیا له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆحمدا بوونی هه‌یه‌....هه‌ستی ئه‌وه‌ی خوشکه‌کانم که‌ له‌ شه‌وانی ئاواره‌یی یادو تاسه‌یان کڵپه‌یان به‌رده‌دا له‌ روحم ... ئێستا نایانناسمه‌وه‌... ئه‌وانیش نامناسنه‌مه‌وه‌ ... من و ئه‌وان وه‌کو فۆتۆکۆپی وێنه‌ی کۆن ته‌ماشای یه‌کدی ده‌که‌ین...ئه‌مجاره‌یان که‌ ماڵئاواییمان  له‌ یه‌کدی کرد که‌س بۆم ناگری ... ده‌ستمان لێکبه‌ردا  هه‌ر وه‌ک چۆن به‌یانیکی زوو بۆ سه‌ر کار ده‌ڕوی... وه‌کو کۆچبه‌ره‌که‌ی پریسبان خه‌ونه‌کانی ته‌مه‌نم به‌فیڕۆ چوون... ئه‌وه‌نده‌یه‌ من نه‌مردم ، چوونکه‌ ده‌مێکه‌ بێ ئینتیماییم قبووڵ کردووه‌... بێ شناسنامه‌یی شناسنامه‌مه‌... هه‌ر زوو تێگه‌یشتم که‌ من ووڵاتم دۆڕاندووه‌... سه‌ربه‌که‌س نیم و هیچ ووڵاتێکی دیش بۆم نابێت به‌ ووڵات.

                    *     *     *      *   
 

دوو چرای ئه‌فسووناوی وه‌ک چراکانی ناو داستانه‌کانی هه‌زارو یه‌ک شه‌وه‌ گه‌شتی منداڵیم رووناک ده‌که‌نه‌وه‌...چرای خۆشه‌ویستی دایک وبابم بۆ من ...که‌  ئێستاش کانگای روحی سۆزوهه‌ست وشه‌فیافیه‌ت وناستالگیامه‌...سه‌چاوه‌ی عاتیفه‌و ئیحساساتی ئینسانیمه‌...بڕبڕه‌ی بوونمه‌ و له‌ ته‌نگژه‌و نوشووستیدا په‌نای بۆ ده‌به‌م ودێمه‌وه‌ سه‌رپێیان... چۆن دوو مرۆڤی ساده‌ی نه‌خوێنده‌وار توانیا پرۆژه‌ی مرۆڤێک ئاوا به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌ دارێژن ... بێ ئه‌وه‌ی هیچ زامێک له‌ سه‌ر روحی ئه‌و منداڵه‌ به‌جێبهێڵن ...زامێک که‌ به‌ هیچ سایکلوژیک یان سایکوتراپیست چار نه‌کرێ... من که‌ خاوه‌ن دکتۆراکان و مامۆستایانی زانکۆکان ده‌بینم پتر نرخ وپایه‌ی بابی نه‌خوێنده‌وارم لا به‌رز ده‌بێ.

گه‌ر لێم بپرسی پێوه‌ری ئینسانیت بۆ مرۆڤی چاک چییه‌؟ پێم وایه‌ مرۆڤی چاک ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌ی  بینای خۆی و مرۆڤی دیکه‌دا...من ئه‌مه‌م به‌لاوه‌ یه‌که‌م وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ژیانه‌ که‌ له‌ تافی مێردمنداڵیمدا له‌ سارته‌ره‌وه‌ فێری بووم ...ئینسان خۆی  پرۆژه‌ی ژیانی خۆی پێکدێنێ. متمانه‌ به‌خۆبوون ماهیه‌تی بوون پێک دێنێ ...جه‌وهه‌ری بوونی مرۆڤیش هه‌ له‌وه‌ دایه‌. هه‌ر بۆیه‌ش سارته‌رم خۆش وویست وپێیان ده‌گووتم وجودی.
 رۆژێک بابم کارێکی پێ راسپاردم بۆ بازاڕی گه‌وره‌ی که‌رکووکی ناردم. بێهووده‌ گه‌ڕامه‌وه‌: ها چیت کرد؟ بابه‌ وا بزانم  کابرا نه‌یناسیمه‌وه‌. باوکم پێکه‌نی ... وا نییه‌ ئه‌و که‌سه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ ده‌قه‌ بتبینێ...هه‌رگیز تۆی له‌ بیر ناچێته‌وه‌.
پێم وا نییه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ی باوکم راست بێ. یان هه‌ر نه‌بێ له‌ زۆر بارودۆخدا وا نه‌بووه‌.به‌ڵام ئه‌و له‌ ئاوێنه‌ی ده‌روونی خۆییه‌وه‌ منی ئاوا ده‌بینی... منیش هه‌ر له‌ ئاوێنه‌ی رۆحی ئه‌وه‌وه‌ خۆم ئاوا ده‌بینی.

ده‌ستی باوکم وه‌ک ده‌ستی ناو ئه‌فسانه‌ دێرینه‌کان دیارییه‌کی پێ به‌خشیم ... سێویکی زێرین... که‌سێوه‌که‌م لێوه‌رگرت... هه‌ناوم  پر ِبوو  له‌ متمانه‌و باوه‌ڕ به‌ خۆبوون ... که‌ بووم به‌ ریژیسێوریش  ...به‌ تایبه‌ت له‌و کاتانه‌ی که‌ روحم به‌ سه‌رکه‌وتنێکی هونه‌ری شاد ده‌بێ... ده‌ستبه‌جێ سێوه‌ زێڕینه‌که‌ی باوکم بیر ده‌که‌وێته‌وه‌...تاسه‌ی ده‌که‌م و سۆپاسی ده‌که‌م.. تۆ بڵێی منیش بتوانم ئه‌و سێوه‌ زێرینه‌ ئه‌فسووناوییه‌ بگه‌ێنمه‌ ده‌ستی.. تاقانه‌که‌م.. شامیرانی کوڕم، ئه‌ستێره‌ی ئێواره‌ی ته‌مه‌نم ... هه‌ر ئه‌و سێوه‌ ئه‌فسووناوییه‌م هه‌یه‌ ... بیده‌مێ وه‌کو دیاری ته‌مه‌ن ... تۆ بڵێی شامیران ئه‌م سێوه‌ ئه‌فسووناوییه‌ ...  له‌ هه‌ناومدا... له‌ ئاوێنه‌ی رۆحمدا به‌دی بکا... سه‌رماییه‌که‌ی دیکه‌م نییه‌ بۆی به‌جێبهێلم ... وه‌کو هێمنی شاعیر ده‌ڵێ.... له‌ بازاڕی ژیان غه‌یری هونه‌ر نیمه‌ چ سه‌رمایه‌...  به‌و هێوایه‌ی ئه‌م دیارییه‌ جێی خۆی بگرێ... گه‌ر ئه‌مه‌م بۆ لوا ... ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌رکه‌م به‌جێهێنا...  ئیدی به‌ ئاسووده‌ییه‌وه‌ ده‌توانم رێگای کۆچی ئه‌به‌دی بگرم.

له‌ تافی لاوێتیدا بوو کاتێ دایکم چرای ژینی کوژایه‌وه‌... من وام ده‌زانی که‌ باوکم پێش دایکم ده‌مرێ ... به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو... دایکم غه‌ریبێکی ئه‌م گه‌ردوونه‌ بوو ... ژنێکی خانه‌قینی بێکه‌س ... ئه‌م دونیایه‌ی به‌جێهێشت بێ ئه‌وه‌ی هێچ  ناونیشانێک یان ئاسه‌وارێک یان دوای خۆی به‌جێبهێلی ... ته‌نانه‌ت تاکه‌ وێنه‌کی خۆی به‌جێ نه‌هێشت که‌ ئه‌مرۆ پیشانی شامیرانی بده‌م.دایکم نه‌خوێنه‌ده‌واربوو به‌ڵام ژنێکی زۆر زیره‌ک بوو ... عه‌ره‌بیه‌کی ره‌وان وبێ له‌کنه‌ قسه‌ی ده‌کرد هه‌روه‌ها تورکمانیش باش ده‌زانی ... ئه‌گه‌ر له‌مندا زیره‌کییه‌ک هه‌بێ ئه‌وه‌ له‌ دایکمه‌وه‌  بۆم  له‌بوکیشمه‌وه‌ هه‌ست ناسکی وسۆز وعاتیفه‌.

که‌ باوکم کۆچی کرد... ساڵانێک بوو له‌ مه‌نفا بووم ... هه‌میشه‌ پێم وابوو نابێ مه‌رگ زه‌فه‌ری پێ به‌ری به‌ر له‌دیدارێکی دی... به‌ر له‌ به‌ یه‌ک گه‌یشتنه‌وه‌... که‌ له‌یه‌ک دابڕاین ... وابزانم باوکم ده‌ستبه‌جێ هه‌ر له‌وێ مرد... به‌ڵام باوه‌ڕم به‌خۆم نه‌ده‌هێنا... من هه‌ر له‌ رۆژانێ مێرد منداڵیمه‌وه‌ له‌ لێکدابڕان وده‌ستلێکبه‌ردان ده‌ترسام و هه‌ناوم ده‌هه‌ژا ... دابڕان بۆ من واته‌ عده‌م... ده‌رسێکی وجودیانه‌یه‌ ... که‌ باوکم ئاوزه‌نگی به‌ره‌و هه‌رێمی مه‌رگ لێدا..ئاخ وه‌کو شه‌کسپیر له‌ ماکبیسداده‌ڵێ ... نه‌ ده‌بوو ئه‌م مه‌رگه‌ جارێ رووی نه‌دابا...یان نه‌ ده‌کرا کاتێکی دی رووی دابا ... وه‌کو هه‌موو رسته‌کانی شه‌کسپیر ده‌کرێ ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ند جۆرێ لێکبدرێته‌وه‌.


 دووه‌م  چرای رۆشنکه‌روه‌ی ژیانم ... چرای به‌هره‌ی  فره‌کولتوورییه‌..دیاری که‌شه‌ جیاوازه‌کانی شاری که‌رکووکه‌... بیهێنه‌ پێش چاوی خۆت منداڵێک له‌ چه‌شنی شامیران ... نه‌ک به‌قه‌د ئه‌و شیرین به‌ڵام له‌ چه‌شنی ئه‌و... هه‌موو رۆژێک به‌ پاسکیلێکی فیلیپسی سه‌وزی بچووکی قه‌واره‌ 24 ... ئه‌م منداڵه‌ هه‌موو که‌رکووک ته‌ی ده‌کرد.. شه‌قام به‌ شه‌قام.. گه‌ڕه‌ک به‌ گه‌ڕه‌ک. گه‌شتی کولتوور ... هاوه‌ڵاکانم کورد .. تورکمان ...ئاسوری.. عه‌ره‌ب...به‌سێ زمانان ده‌دواین خه‌ونمان به‌ دوا رۆژه‌وه‌ ده‌بینی... من که‌ ده‌لێم منداڵێکی شارکه‌رکووکم.. مانایه‌کی تایبه‌ت ده‌به‌خشێ ...ڕه‌هه‌ندێکی رۆحی و رۆشنبیری جودای هه‌یه‌.. سه‌رچاوه‌یه‌کی رۆحی ئه‌وتۆ که‌ کانگای به‌ختوه‌ری دروست بوونمه‌.. هاوکات ئامێری سزا وئه‌شکه‌نجه‌یشه‌.  که‌ باسی که‌کووک ده‌که‌م دوور له‌ شۆڤێنیزمی شار وده‌ردی شارچێتی باسی ده‌که‌م... باس له‌ که‌رکووک ناکه‌م وه‌کو شار.. من باس له‌ کیشوه‌رێ ده‌که‌م که‌ هه‌رخۆی مانای مه‌نفای ئینسانی که‌رکووکی ده‌به‌خشێ... سا ئه‌و ئینسانه‌ له‌ له‌هه‌رکۆێی بێ... من که‌ ده‌ڵێم که‌رکووک ... قه‌ت مه‌به‌ستم که‌رکووکه‌ی ئه‌وان نییه‌... که‌رکووکی سیاسه‌ت مه‌دارو وپارت ورێکخراوه‌ سیاسیه‌کان ... من باس له‌کانه‌ کولتووریه‌کانی که‌رکووک ده‌که‌م که‌ دیاری ونیعمه‌تێکه‌  جارێ سیاسه‌تمه‌دارانمان زۆریان ماوه‌ په‌ی پێ به‌رن... بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی پێ به‌رن ...


سه‌ره‌تاکانی خوێندنه‌وه‌ و ئاشنایه‌تیم له‌ گه‌ڵ ئه‌ده‌ب وهونه‌ردا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ داستانه‌کانی هه‌زارو یه‌ک شه‌وه‌...ئه‌مجا ئه‌ده‌بی جیهاینی و عه‌ره‌بیه‌ له‌ که‌کووکدا  گه‌لێ باو بوون ...له‌نووسه‌رانی عه‌ره‌بدا نه‌جیب مه‌حفووز وتۆفیق الحکیم و احسان عبدالقدوس وتاها حسین...ئه‌مجا سارته‌ر وکامی وکافکا و دستویڤسکی وگه‌لێ که‌ڵه‌ نووسه‌ری دی...ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ که‌شی کولتووریی که‌رکووک ... که‌ چۆن ته‌وژمه‌ کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری دونیای ئه‌وروپا و ئه‌مریکای له‌وێ ره‌نگی دابووه‌وه‌.... دیاره‌ هه‌ندێکی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ کولتووری  هه‌مه‌ ره‌نگی شاره‌که‌ ... هه‌ندێکیشی بۆ بوونی کۆمپانیای نه‌وت ... له‌ کاتێکدا له‌ شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا باس باسی کوردایه‌تی و مارکسیزم بوو... له‌ که‌رکووک  رۆشنبیران باسیان له‌ وجودیه‌ت و سورریالیزم و دادایزم و ئه‌بسیورد لامه‌عقول ده‌کرد... مارکسیزم باس ده‌کرا به‌ڵام گه‌لێ کاڵ بوو که‌  له‌ به‌غدا شانۆم ده‌خوێند  وا رێک که‌وت چه‌ند هاوه‌ڵێکم له‌ خوێنکارانی شانۆ  هاتن بۆ سه‌ردانم... که‌ به‌سه‌ر پرده‌که‌ی سه‌رخاسه‌دا... ئه‌و پرده‌ی که‌ که‌رکووک ده‌کا به‌ دوو به‌شه‌وه‌ تێپه‌ڕین... یه‌کێکیان گووتی : هدا هو الجسر اللی یربت الوجود بالعدم.... واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌و پرده‌یه‌ که‌ وجود به‌ عه‌ده‌مه‌وه‌ ده‌به‌ستێت....

                    *     *     *      *   

گه‌ر لێم بپرسی چی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیی به‌ ریژیسیورێکی داهێنه‌ر ...ده‌ڵێم موسیقا ... ئه‌مجا شیعر... ئه‌مجا هونه‌ری نه‌قاشی ومیعمار... به‌ڵام به‌ر له‌مانه‌ هه‌موو تێکرای ژیان خۆی ... بوونت له‌ ئێستادا ... ئێستا و لێره‌.
من دراماو شانۆم له‌ کۆمه‌ڵگای فره‌ کولتووره‌وه‌ خۆش وویست... هونه‌رم خۆش وویست چوونکه‌ باشترین هه‌توانی رۆح و زه‌ینی ئاده‌مییه‌... کار ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و جه‌سته‌یش ... من ئه‌مه‌ له‌ که‌رکووکه‌وه‌ فێر بووم... له‌لووتکه‌ی کێشه‌ی نێوان کوردو تورکمان من مامۆستای شانۆم تورکمان بوو ... ده‌رسه‌کانی یه‌که‌می شانۆی فێرکردم ... ده‌رگای کتێبخانه‌یه‌کی دیکه‌ی له‌ روومدا ئاوه‌ڵا کرد
 کاتێ شانۆنامه‌ی هه‌زارویه‌ک شه‌وه‌م به‌ سوێدی خسته‌ شه‌ر شانۆ ئه‌م هزره‌ وه‌کو  باڵنده‌یه‌کی ناو ئه‌فسانه‌کان هات وفریام که‌وت ... ها چییه‌؟ ئه‌ڵێی له‌بیرت چۆته‌وه‌؟ بۆ نازانی شه‌هریار که‌ هه‌ر شه‌وه‌ی کیژێکی شۆخ ده‌کوژی ده‌روونی نه‌خۆشه‌... به‌ درێژایی هه‌زار ویه‌ک شه‌و شه‌هره‌زاد به‌ هونه‌ری چیرۆک زامه‌کانی رۆحی تیمار ده‌کات.. ئه‌وی شه‌هریار تیمار ده‌کات هونه‌ری چیرۆک و توانستی گێڕانه‌وه‌یه‌... ئه‌ی کوڕه‌ تورکمانه‌ی هاوڵت له‌بیر چۆته‌وه‌... ئه‌وه‌ی که‌ به‌ دریژایی یه‌ک ساڵی ره‌به‌ق ده‌یوویست رۆژێک  پاش مه‌شق وپرۆڤه‌ بانگت بکا بۆ ماڵی خۆتان... به‌ڵام نه‌یده‌وێراو زاتی نه‌ده‌کرد... چوونکه‌ پێان وا بوو کوڕێکی گه‌نجیان به‌ ده‌ست کوردانه‌وه‌ کوژراوه‌.به‌ڵام هه‌ر پاش نمایشی یه‌که‌م ... که‌ خێزانه‌که‌ی نمایشه‌که‌یان بینی ...ئیدی ئه‌ویش توانی شیرازه‌ی ئه‌م ترس ودوو دڵییه‌ی بشکێنێ  تۆش له‌ گه‌ڵ خێزانه‌که‌یان دانیشتی ...پاشتریش بوو به‌ دۆستی کوردان...


چه‌مکی شار به‌ لای منه‌وه‌ وا بوو که‌ ده‌بێ وه‌کو که‌رکووک ... هه‌ر له‌ به‌یانیه‌وه‌ تا کاتی نووستن ده‌بێ به‌ یه‌ک زمان قسه‌ نه‌که‌ی...ده‌بێ توانای ئه‌وه‌ت هه‌بێ وه‌کو رادیۆ له‌ شه‌پۆلێکه‌وه‌ بیگوزیته‌ سه‌ر شه‌پۆلێکی دی ... ئه‌ی له‌ خۆڕا نییه‌ که‌ له‌ سلێمانی پێیان ده‌گووتین سێ مه‌وج... واته‌ سێ شه‌پۆلی رادیۆ.. من خۆم له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت هه‌شت ساڵاندا که‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ گه‌ڵ باوکم سه‌ردانی سلێمانیم کرد... زۆر به‌ تاسه‌وه‌ بووم سلێمانی ببینم ... ئاه‌ له‌ بیرم چوو باسی ئه‌وه‌ بکه‌م که‌من دایکی شیریم خه‌ڵکی سلێمانی و ئه‌مجاره‌یان که‌ سه‌ردانی سلێمانیم کرد به‌ دیداری شاد بوومه‌وه‌.. پێم گووتم : کوڕم فازل هه‌موو جارێ که‌ له‌ ته‌لفیزیون ده‌رده‌که‌وی ده‌ڵێم ئه‌مه‌ به‌شیری من گه‌وره‌ بووه‌ و کوڕی منه‌ ... که‌ هاوڕێیانم له‌ سلێمانی به‌مه‌یان زانی به‌گاڵته‌وه‌ ده‌یان : ده‌ ئه‌واته‌ ده‌رکه‌وت شیری ژنێکی سلێمانیت خواردووه‌ بۆیه‌ وا زیره‌کی... ئێستا تێگه‌شتین... که‌ یه‌که‌ جار سه‌ردانی شاری سلێمانیم کرد.. پێم سه‌یر بوو که‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ له‌ هه‌موو شوێنێک ته‌ نیا به‌ کوردی قسه‌یان ده‌کرد ... به‌ خۆم ده‌گووت باشه‌ ئه‌مانه‌ بێزار نابن ... چۆن تاقه‌تیان ناچێ ئاوا به‌ یه‌ک زمان قسه‌ بکه‌ن.


که‌شه‌وی یه‌که‌م پێم نایه‌ سه‌ر شانۆ خۆم نه‌مده‌زانی چۆنم ...له‌شانۆی قوتابخانه‌که‌ ستایشیان کردم ... دایکم زۆری به‌ دڵ بوو به‌ڵام دیمه‌نی مردنه‌که‌می پێ باش نه‌بوو.. که‌ به‌لای خه‌ڵکه‌وه‌ له‌ هه‌موو دیمه‌نێ دڵگیر تربو... که‌ شه‌وی یه‌که‌م له‌سه‌ر شانۆ مردم وپاشان که‌وتم گوێم لێ بوو ژنێک له‌ ناو ته‌ماشاکه‌رانه‌وه‌ به‌ده‌نگێکی به‌رز هاوای کرد بسمیللا ... ناسیمه‌وه‌ ده‌نگی دایکم بوو...  ده‌موویست بزانم هاوه‌ڵکانم چی ده‌ڵێن... من ده‌موویست بزانم به‌ تایبه‌ت  سه‌لاح شوان چی ئه‌ڵێ... رای ئه‌و بۆ من ئێستایشی له‌ گه‌ڵ بێ له‌ هه‌موو رایه‌ک گرنگتر بوو... بۆسه‌بینێ رۆیشتم بۆ ماڵی سه‌لاح ... پێێ گووتم ته‌واو تۆ خوڵقاوی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شانۆدا کاربکه‌ی ..  پاشان رێگای به‌غدام گرته‌ به‌ر ... بۆ به‌شی شانۆی ئه‌کادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌کان... که‌ هه‌ندێ شتی جوانی فێرکردم و، وه‌ک هه‌ر ده‌زگایه‌کی ئه‌کادیمی گه‌لێ شتی جوانیشی له‌بیربردمه‌وه‌.
مه‌نفا و خۆشه‌ویستیم بۆ شانۆ وای لێکردم رووبه‌ری گه‌لێ وولات ته‌ی بکه‌م... له‌ زۆر جێیان بخوێنم و ده‌رس له‌ گه‌لًُێ ماموستای بلیمه‌ت وه‌رگرم. له‌ سوید و له‌ روسیا  و ئینگلستان وپێشتریش له‌ به‌غدا،... به‌ڵام بۆمن هیچ شوێنێک ناگاته‌ روسیا، له‌ رۆژه‌وه‌ی ده‌رسی ریژیسێوریم له‌ روسیادا خوێند ئه‌گه‌ر ریژیسێورێکی خراپ بم، ئیدی قسووری خۆمه‌ .... روسیا خه‌ڵاتێکی هونه‌ر ئه‌وتوی پێ به‌خشیم که‌  به‌هره‌ی هونه‌ری  خۆ رسکمی سه‌ر له‌نوێ ته‌قاندوه‌... ئه‌مجا ئه‌و به‌هره‌ خۆ رسکه‌ی ساده‌ییه‌ی بۆ خستمه‌ ژێر هێز ی میتودیێکی ئینسانی وهونه‌ری به‌رفراوان وجیهانی... که‌ من خۆیشم له‌ وه‌ ده‌رچووم به‌خۆم بڵێم ده‌رهێنه‌رێکی یان ریژیسێورێکی کوردم... راسته‌ من به‌ کوردیش کار ده‌که‌م وکورد نه‌ژادم... به‌ڵام  من به‌ ئینگلیزیش کار ده‌که‌م هه‌وه‌ها به‌  سویدی  و به‌ عه‌ره‌بیش کارده‌که‌م .. ساڵی پار له‌ رووسیا و له‌شاری سانت پیته‌ربورگدا شانۆنامه‌ی گه‌مه‌ به‌ ئاگری ئاوگوست ستریندبێرگم به‌ رووسی خسته‌ شانۆ.... ساڵی داهاتووش له‌ لایه‌ن شانۆیه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌ر له‌ رووسیا بانگهێشت کراوم ، ...نیاز وایه‌ له‌ شاریقه‌ی ئیمارات و له‌ قاهێره‌ش کار بکه‌م ...من پێش خوێندم له‌ رووسیا قه‌ت زاتم نه‌کرد له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ته‌سکی ژیانی رۆشنبیری کوردی خۆم بناسینم... به‌ڵام خوێندم له‌ روسیا فێری پیشه‌ی ریژیسێوری کردم و هه‌ر وه‌ها ناسنامه‌ی متمانه‌ به‌خۆبوونی جیهانی خسته‌ باخه‌ڵمه‌وه‌.... هه‌موو ئه‌و ووڵاتانه‌ که‌ ده‌عوه‌تم ده‌که‌ن له‌ سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه‌ بانگهێشتم ناکه‌ن که‌ کوردم... ئه‌وان له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌وه‌ ده‌عوه‌تم ده‌که‌ن  که‌ پسپۆرایه‌تیم له‌ رووسیا به‌ ده‌ست هێناوه‌  ...ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا که‌  له‌کولیجی گۆلدسمیسی  زانکۆی له‌ندن خوێندوومه‌...سوپاس بۆ کولتووری ستانیسلاڤیسکی ومییرهوڵد و گۆگۆل و پوشکین وچێخوڤ و چایکوڤیسکی و شاستاکۆڤیچ که‌ دیدی هونه‌ری منیان هێنایه‌ سه‌ر سکه‌ پان وبه‌رینه‌کی  ئینسانیه‌ت....منیان له‌وه‌ ده‌ربازکرد که‌ ریژیسێورێکی کورد بم... سوپاس بۆ مامۆستاکانم له‌ روسیا ... که‌ ده‌ستیان گرتم وگه‌لێ شتیان فێرکردم ... ئێستاش که‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ست دێنم .. هه‌ست ده‌که‌م ئه‌وان له‌ تاریکیدا وه‌ستاوون وچه‌پڵه‌م بۆ لێده‌ده‌ن.


                        *     *     *      *    

پایزێکی ستۆکهوڵم بوو ... ساڵ1984 که‌ ئاریام ناسی ... چۆن بتوانم ئاوا به‌م ده‌م ده‌سته‌ باس له‌  که‌سێ بکه‌م که‌ له‌ یه‌که‌م ئێواره‌ی دیدارمانه‌وه‌ بووین به‌ هاوڕێ وهاوسه‌رو هاوخه‌می یه‌کدی... ئاریا شاعیرێکی فینله‌ندییه‌... به‌ زمانی فینله‌ندی و سویدی شیعر ده‌نووسێ... وه‌کو باوکم ... وه‌کو دایکم ... گه‌لێ دیاری ئینسانی پێ به‌ خشیم ... له‌وانه‌ که‌ خۆشه‌ویستی دژێکی ته‌واوی خۆپه‌رستیه‌ ... من وا ده‌زانم به‌ر له‌ ئاریا تا راده‌یه‌ک خۆپه‌رست و خۆ وویست بووبێتم... من کۆڕی دایک وباوکێکم که‌ شه‌ش کچیان هه‌بوو من ته‌نیا کوڕ بووم ... ئه‌وه‌ش له‌ چاو بگره‌ که‌ من تاکه‌ کوڕی بابم بووم پاش سێ جاران ژن هێنان ... کوڕیان ده‌بوو  و ده‌مردن ... ئه‌مجا ته‌نێ منی بۆ مایه‌وه‌... تاکو له‌ ته‌مه‌نی سێزده‌ ساڵیدا برایه‌که‌م فه‌رمان جاف هاته‌ دونیاوه‌... ده‌وجا بزانه‌ من چه‌ند به‌ نازداری به‌خێو کراوم وده‌بێ چه‌ند هه‌قی خوشکه‌کانم خورادبێ..
 من له‌ ئاریاوه‌ فێر بووم چۆن کار له‌ سه‌ر روحی خۆم بکه‌م ... چۆن ناخ وهه‌ناوی خۆم پاکژ بکه‌مه‌وه‌ ... که‌متر منی خۆمم به‌ڵاوه‌ مه‌به‌ست بێ... هه‌ر ئه‌و منی فێرکرد که‌ کارکردن له‌ سه‌ر رۆح وزه‌ینم پێویستی به‌ سه‌برو ئارامییه‌... گوێ نه‌دان نه‌ک هه‌ر به‌ ره‌خنه‌ ...بگره‌ به‌ پێاهه‌ڵدان وستایشیش ... چاوه‌رێکردنی ستایشی خه‌ڵک رۆح نه‌خۆش ده‌خات .وه‌ک فێمێنیستێک گه‌لێ یارمه‌تی دام تاکو چاکتر له‌ کێشه‌ی ژن تێبگه‌م...چاکتر له‌ ره‌وتی ئینسانیه‌ت تێ بگه‌م..
 به‌ر له‌هه‌موو شتێ له‌ پێوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ دایکم و خوشکه‌کانم که‌ پاشان تێگه‌یشتم چه‌ند لاسه‌نگ بووه‌. نه‌ک هه‌ ئه‌وه‌نده‌ ... بگره‌ ئه‌م گۆرانکارییه‌ له‌دیدو بۆچوونم به‌رامبه‌ر به‌ ژن له‌ کاره‌کانمدا ...به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌رتووف و هه‌زار ویه‌ک شه‌وه‌ زۆر ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.....ژنه‌نووسه‌رێکی سویدی پاش نمایشێکی هه‌زار ویه‌ک شه‌وه‌ پێی گووتم ئه‌مه‌ چاکترین شانۆگه‌ریی فێمینستانه‌یه‌ من بینیبێتم.
هه‌ر ئه‌م دیده‌ له‌ته‌رتووف که‌ له‌ له‌نده‌ن پێشکه‌شم کرد زاڵ بوو به‌سه‌ر کاره‌که‌مدا ... زۆرم مه‌به‌ست بوو ده‌مامکانی دایکم خوشکه‌کانم بێنمه‌ سه‌ر شانۆ ... هه‌ر دوای نمایش سێیه‌م ژنه‌نووسه‌ری فێمه‌نیستی مه‌غریبی زهور گوڕام داوای لێکردم که‌ له‌ مه‌غریب کاربکه‌م ... به‌خۆشییه‌وه‌ داواکه‌ییم قبووڵکرد ... ئه‌وه‌بووشانۆنامه‌ی راشاموون و خه‌ونی نیوه‌ شه‌وێکی هاوینه‌ی شه‌کسپیرم له‌ سه‌ شانۆی نه‌ته‌وه‌یی مه‌غریب به‌ ریژیسێوری من نمایشکرا... ئه‌م کاره‌ گه‌وره‌ترین کاری شانۆم تا ئه‌و ده‌مه‌.

ئه‌وه‌ی ژیانی من و ئاریا پێکه‌وه‌ گرێداوه‌ بۆ چوونمانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژیان ... یاخیبوون ساده‌یی ... داهێنان ... له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ... رێزگرتن له‌ فه‌زای ئازادی یه‌کدی ... رێگادان به‌ پرۆژه‌ی یکه‌دی ... به‌ بێ ئاریا من قه‌ت نه‌م ده‌توانی له‌ ووڵاتان بخوێنم و کاربکه‌م ... من پێم وایه‌ یه‌که‌م مه‌رجی ئینسانی بوونمان ...قبووڵکردنی سه‌ربه‌ستی یه‌کدییه‌ له‌ داهێنان...بۆ ئه‌مه‌ش فێر بووین که‌ ساده‌ بژین ... بۆ ئه‌وه‌ی شته‌  جه‌وهه‌ریه‌کان نه‌دۆڕێنین... ده‌ستمان له‌ کوتاڵ وناو ماڵ و قه‌نه‌فه‌ی قه‌شه‌نگ و له‌مپای گرانبه‌ها هه‌ڵگرت.
من کاری شانۆ ده‌که‌م چوونکه‌ خۆم حه‌زی لێ ده‌که‌م ... ئه‌م حه‌زه‌م دووره‌ له‌ هه‌موو رۆمانتیکیه‌تێکی نیشتیمانی یان نه‌ ته‌وه‌ییه‌وه‌... فازل جاف شانۆکارێکه‌ فره‌ کولتوور به‌ چه‌ند زمانێک کار ده‌کا ... له‌ هه‌موو کارێکدا به‌ هه‌ر زمانێک بێ هه‌مان چێژ وه‌رده‌گرم ... که‌ له‌ رووسیا کار ده‌که‌م وا ده‌زانم شانۆکارێکی رووسم و شادم به‌وه‌ی که‌ توانیم بچمه‌ ناو به‌رنامه‌ی شانۆی رووسیه‌وه‌ ... هه‌روه‌ها که‌ به‌ ئینگلیزی کار ده‌که‌م خۆم به‌ شانۆکارێکی  ئینگلیز  ده‌زانم...که‌ به‌ سویدیش کار ده‌که‌م خۆم به‌ شانۆکارێکی سویدی ده‌زانم... ئه‌وه‌ باسی مه‌غریب  هه‌رناکه‌م... که‌من له‌ مه‌غریبدا ته‌واو خۆم به‌شانۆکارێکی مه‌غریبی ده‌زانم.
 له‌ شانۆی ئه‌م ووڵاتانه‌دا ره‌خنه‌گرانی به‌ ناوبانگ وپسپۆر... کاره‌کانیان به‌رز نرخاندووم ... رایه‌کانیان بایه‌خی خۆیان هه‌یه‌ چوونکه‌ پسپۆڕن ...  گه‌ر قسه‌ی ناشیرینم پێ گووترابێ ...ته‌نیا  کورد پێی گووتووم ’،... ئه‌و که‌سانه‌ پسپۆر بین و ناشاره‌زان. .بۆیه‌ رایه‌کانیان هیچ بایه‌خێکی نییه‌... له‌ به‌ر ئه‌وه‌شه‌ پێم خۆشه‌ پتر به‌ زمانانی دی کاربکه‌م... چوونکه‌ ئاستی کارزانی و حیره‌فیه‌تم به‌رز تر ده‌بێت و له‌ رووی هونه‌ریشه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ ده‌که‌م.

                    *     *     *      *   

من فازل جاف کوڕی عه‌لی کامه‌ران سه‌رحه‌د ...جافی شاره‌زوور... کوڕی زه‌ینه‌ب غه‌ریب په‌روه‌رده‌ی که‌ناری ئه‌ڵوه‌ندی خانه‌قین ... حه‌پسه‌ خان دایکی شیریم خه‌ڵکی سلێمانی و دانیشتووی تووی مه‌لیک. .. هاوسه‌ری ئاریا ئوسیته‌لۆی شاعیری فینله‌ندی ... باوکی شامیران جاف نیو فینله‌ندی ونیو کورد. به‌م زمانانه‌ کارده‌که‌م  سویدی ئینگلیزی رووسی کوردی و عه‌ره‌بی. به‌ من بێ له‌ داهاتوودا له‌ ده‌ورانی پێریی له‌مه‌غریب بژیم... ئه‌گه‌ر وا رێک که‌وت ده‌توانی له‌وێ پێوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ ببه‌ستی..