Stefan Löfven
وێنە: Jonas Ekströmer/TT

لۆڤێن: دەبێت کۆتایی بەم دۆزەخەی حەلەب بهێنین

"سووریا و هاوپەیمانەکانی دەبێت بدرێنە دادگا"
2:14 min

لە دوا کۆبوونەوەی یەکییەتیی ئەورووپا بۆ ساڵی 2016 پرسی حەلەب و جەنگ لە سووریا تەوەری سەرەکی باسەکانە.

سەرەکوەزیرانی سوید ستێفان لۆڤێن کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی یەکییەتیی ئەورووپا دەڵێت دەبێت کۆتایی بەم دۆزەخەی حەلەب بهێنین. لۆڤێن هەروەها دەڵێت زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم شەرمە بۆ کۆمەڵگەی جیهانیی کە لەسەر حەلەب نایەنە دەنگ.

لۆڤێن دەڵێت یەکییەتیی ئەورووپا دەبێت هەوڵ بدات بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتییانی حەلەب و لەو شارە بیانهێنێتە دەر، هەروەها ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان دەبێت لەسەر کردارەکانیان دادگایی بکرێن.

سووریا و هاوپەیمانەکانی، لۆڤێن دەڵێت، تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە و یاسا نێونەتەوەییەکانیان پێشێل کردووە، ئەم قەسابخانەیە نابێت بەردەوام بێت و سووریا و هاوپەیمانەکانی دەبێت لەلایەن دادگای نیونەتەوەیی (هاگ)ەوە دادگایی بکرێن.

سەرەکوەزیرانی سوید دەڵێت کە تا ئێستا یەکییەتیی ئەورووپا پێی وابووە کە تاکە چارەسەری ناکۆکییەکان لە سووریا بە ڕێگەی سیاسی دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە هەموو جیهان شایەتی لەسەر دەدات ئەوەیە کە کێشەی سووریا دەبێت سەربازییانە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەم چارەسەرەی دووەمیان بە مافی ڤیتۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند ناکرێت.  

لە ڕەشنووسی دۆکومێنتی یەکییەتیی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیان هاتووە کە سووریا و ڕووسیا بە مەبەست ئامانجیان لێدانی خەڵکی سیڤیل و نەخۆشخانەکانە. هەروەها ئەو لایەنانەی کە یاسا جیهانییەکانیان پێشێل کردووە دەبێت دادگایی بکرێن.

لەو ڕەشنووسەدا هەروەها هاتووە کە یەکییەتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی سەرەکی لە بیناکردنەوەدا هەیە بۆ نموونە لە حەلەب بەڵام کاتێک ئەو لایەنانە بەو شێوەیە ئەو شارەیان وێران کردووە و دێوەزمەیەکیان لێ درووست کردووە چیتر بەرپرسێتی ئێمە نییە و ئامادە نین نرخی هەڵەی ئەوان بدەین.

ئەم پەیامەی یەکییەتیی ئەورووپا لەلایەن نوێنەری سیاسەتی دەرەوەیان فێدێریکا موگێرینی ئاڕاستەی سووریا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ڕوسیا و ئێران کراوە.

جێی باسە لەو کۆبوونەوەیەی یەکییەتیی ئەورووپادا کە سەعات 12:30 ی ئەمڕۆ دەست پێ دەکات بێجگە لە حەلەب چەندین پرسی دیکەی گرنگ تاووتوێ دەکرێت بۆ نموونە، پرسی قەیرانی پەنابەران، پەیوەندییەکانی یەکییەتییەکە لەگەڵ تورکیا، ڕوسیا و ئوکرانیا.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".