skola
وێنە: JESSICA GOW / TT

لقەکانی سۆسیالدیموکرات دژ بە فێرگا ئایینییەکانن

"دەتوانین زۆرینەی دەنگ بۆ ئەم پێشنیازە کۆبکەینەوە"
3:07 min

بە پێچەوانەی سەرۆکایەتی سۆسیالدیموکراتەکان ژمارەیەکی زۆر لە لقەکانی ئەو پارتە داوای نەهێشتنی فێرگا ئایینییە سەربەخۆکان دەکەن.

لە بەرابەری کۆنگرەی سۆسیالدیموکراتەکان کە ڕۆژی شەممە دەست پێ دەکات یەکێک لەو پرسانەی کەوتۆتەوە بەر باس پرسی فێرگا ئاینییە سەربەخۆکانە. ئەو پرسەی سۆسیالدیموکراتەکانی کردووە بە دوو بەرەوە، بەرەی سەرۆکایەتی کە دەڵێن ئەو فێرگایانە با بمێنن بەڵام بخرێنە ژێر چاودێریی تووندەوە، لەکاتێکدا بەرەی لقەکانی ئەو پارتە کە داوای قەدەغەکردنی ئەو جۆرە فێرگایانە دەکەن و دەڵێن نابێت پارەی دەوڵەت و باجی هاوڵاتییان بدرێتە ئەو جۆرە فێرگایانە. 

جێی باسە لە پشت پێشنیازی نەهێشتنی فێرگا ئاینییەکانەوە جگە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە لقەکانی پارتی سۆسیالدیموکرات هەیە دووەم گەورەترین لقیشی لەپشتە کە هەرێمی ستۆکهۆڵمە و 28 نوێنەری لە کۆنگرەی داهاتوودا بەشدار دەبێت.

دانییێل فێرم نوێنەری هەرێمی ستۆکهۆڵم بۆ کۆنگرەی داهاتوو، دەڵێت پێم وایە دەتوانین زۆرینەی دەنگ بۆ ئەم پێنیازەمان کۆبکەینەوە و باوەڕ ناکەم سەرۆکایەتی پارتەکەش دژ بەوە بێت کە فێرگا دەبێت شوێنێکی ئازاد و دوور لە کاریگەریی ئایین بێت.

فێرم هەروەها دەڵێت گرنگە کە بە ڕوونی ئاماژە بەوە بدرێت کە لەو فێرگایانەدا بۆیان هەیە ئەو وانە ئایننیانە بوترێتەوە کە ئارەزووی دەکەن و لەکاتی نانی نیوەڕۆدا نوێژە ئاینییەکەیان ئەنجام بدەن بەڵام نابێت درێژەی ڕۆژەکە لە فێرگادا بۆ ئایین تەرخان بکرێت، فێرگا بۆ منداڵانە نەک بۆ نوێنەرانەی کۆمەڵە ئاینییەکان کە ئامانجیان کارتێکردنی منداڵ و مێردمنداڵانە. ئەو کەسانەی دەیانەوێت قورئان و تەورات بڵێنەوە با لە ئێواران و ڕۆژی پشووەکاندا ئەنجامی بدەن نەک لە کاتی خوێندندا.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".