Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/
Dokument med överstrukna delar, över foto där sidor ur dokument bläddras igenom.
وێنە: Sveriges Radio

کارگەیەکی نەوت کە سویدییەک خاوەنێتی لە گەندەڵییەوە ئاڵاوە

"ئەو کارگە سویدیە زانیوییەتی کە نەوتەکە قاچاخە"
3:52 min

(Gunvor International) کارگەیەکی بازرگانیی نەوتە کە یەکێک لە خاوەنەکانی سویدییە لە قاچاخچیتیی نەوتی ڕووسیای سپییدا بەشدار بووە.

بەپێی ڕووهەڵماڵینێکی ئێکۆت، بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئەو کارگەیە لە بازرگانیی ڕەشی نەوتەوە ئاڵاوە و بە هەزارەها تەن نەوتی قاچاخی لە ڕووسیای سپی کڕیوەتەوە و دواتر فرۆشتۆتەوە.

بەڵام توربیۆن تیۆنکڤیست، بەرپرسی ئەو کارگەیە کە بارەگای سەرەکیی لە جنێڤە و لەوێ نوێنەرایەتیی حوکوومەتی سویدیش دەکات (نوێنەری فەخری- Honorärkonsul) ئامادە نەبووە لەسەر ئەم هەواڵە لێدوان بدات.

ئەم کارگەیە دەمێکە گومانی کاری نایاسایی لەسەرە بەتایبەت کە لە ساڵانی 2000 کاندا زۆر بە خێرایی گەشەی کرد و بووە پێشەنگ لە ئاستی جیهاندا. ئەو کات ساڵی 2008 لە وەڵامی پرسیاری ئێکۆت سەبارەت بە کاری نایاسایی بەرپرسی ئەو کارگەیە توربیۆن تیۆنکڤیست گومانەکانی ڕەت کردەوە و دەڵێ،

"ئێمە بەوپەڕی ئاشکراییەوە کار دەکەین و کێبەڕکێ لەگەڵ کارگەکانی بازرگانی نەوتی ڕووسی دەکەین، ئێمە هیچ کارێکی نایاسایی ناکەین، لە بازاڕی نەوتدا وایە ئەوی نرخی زیاتر بدات براوەیە."

بەڵگە و لێکۆڵینەوە

بەڵام بە پێی ئەو دۆکۆمێنتانەی دەست ئێکۆت کەوتووە و بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی دەستگەی گومرگی رووسیای سپی و ئێستلاند سەبارەت بە قاچاخچیتیی نەوت لە ڕووسیای سپییەوە ساڵی 2007 ئەنجام دراوە، تێیدا هاتووە کە بە هەزارەها تەن بەرهەمی نەوت لە ڕووسیای سپییەوە بە قاچاخ و بە ئاگاداریی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە فرۆشراوەتە وڵاتانی دیکە و بۆ نموونە لە ڕێی دەڵاڵەوە واتا ناڕاستەوخۆ فرۆشراوەتە ئەو کارگە بەناوببانگەی کە توربیۆن تیۆنکڤیستی سویدی خاوەندارێتیی دەکات.

یەکێک لەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ئەو قاچاخچیتییە بووە ئەندامێکی پێشووی دەستگەی ئاساییشی نهێنی رووسیایە (KBG) کە لەو پرسەی کۆڵیوەتەوە ئاندرێ مولچان کە بە ڕادیۆی سوید دەڵێت، هەرگیز ناکرێت ئەو کارگە سویدییە نەیزانیبێت کە ئەو نەوتەی لە ڕووسیای سپییان کڕیوە قاچاخ بووە. ئەگەرنا ڕاستەوخۆ نەوتەکەیان لە ڕووسیای سپی دەکڕی و پێویستیان بە دەستی ناوەند واتا دەڵاڵ نەدەبوو.

پاشخانی هەواڵەکە

جێی باسە ئەم هەواڵە بەشێکە لە ڕووهەڵماڵینێکی بەرفراوانی ئێکۆت، بەشی هەواڵەکانی رادیۆی سوید کە دوێنێ بڵاو کرایەوە و تێیدا ئاشکرا بوو کە ڕووسیای سپی بە ئاگاداریی و پەسەندکردنی بەرپرسانی پایەبەرز و یەکێک لەوانە جێگری سەرۆکی رووسیای سپییە، نەوتی ڕووسییان بە قاچاخ فرۆشتۆتە وڵاتانی ئەورووپا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕێککەوتنی بازرگانی نەوتی نێوان ڕووسیا و ڕووسیای سپی، ڕوسیا نەوت بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشێتە ڕووسیای سپی بەهۆی ئەوەی کە بەرهەمی نەوتی ڕووسیای سپی بەشی پێداویستیی وڵاتەکە ناکات، بەڵام گەر بێت و ڕووسیای سپی لەو نەوتەی ڕووسیا زیاد بێت و بیفرۆشێتە وڵاتانی دیکە ئەوا دەبێت باج بدەنە ڕووسیا.

ئێستا و بە پێی ئەو ڕووهەڵماڵینەی ئێکۆت دەرکەوتووە کە ڕووسیای سپی پابەندی ئەو ڕێککەوتنەی ڕووسیا نەبووە و بە قاچاخ نەوتی ڕووسیی فرۆشتۆتە وڵاتانی دیکە و خۆی لە باجدان بە ڕووسیا قووتار کردووە ئەویش بەوەی کە نەوتەکەیان لە ژێر ناوی ماددەی دیکە بۆ نموونە ئەسیتۆن لە ڕێی بەندەرەکانی ئێستلاندەوە لە وڵات دەرکرووە و دواتر لە بەندەرەکانی ئێستلاندەوە ناوەکان گۆڕدراوەتەوە بە نەوتی ڕووسی و بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بۆ فرۆشتن نێردراون.

جێی ئاماژەیە چەند جارێک ڕووسیا داوای وەستاندنی ئەو قاچاخچیتییەی کردووە بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە بەردەوام بووە. هەروەها بەهۆی ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکان لەو قاچاخچیتییە لەلایەن جێگری سەرۆکی ڕووسیای سپییەوە وەستێنراوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".