هاووڵاتییبوون مافی هێنانی بنەماڵە لە منداڵە پەنابەرەکان دەستێنێتەوە

2:00 min

ئەو منداڵانەی بە تەنیا هاتوون و مافی هاوڵاتی بوونیان لە سوید بەدەست هێناوە، ئیتر ناتوانن داوای هێنانی بنەماڵەکانیان بکەن.

بە پێی یاسا، تەنیا هاوڵاتییەکی بیانی دەتوانێ داوای هێنانی بنەماڵەکەی بکات بۆ سوید. ئەمە بەو مانایەیە کە بوون بە هاوڵاتی سویدی (Svensk medborgarskap)، ڕێگە لە منداڵە بە تەنیا هاتووەکان دەگرێ داوای هێنانی بنەماڵەکانیان بکەن.

ئەحمەد ئەلعەباسی یەک لەو پەنابەرانەیە کە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە. ئەحمەد تەمەنی ١٨ ساڵە و لە بودافۆرش(Bodafors) دەژی. ئەو دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا هات بۆ سوید و بۆ یەکەم جار بوو لە ژیانیدا مافی هاوڵاتی لە وڵاتێک وەرگرت؛ بەو هیوایەی لە دوای بوونی بە هاوڵاتی ژیانێکی باشتری هەبێت. بەڵام لەڕاستیدا وا نەبوو.

-قەت نەمدەزانی بوون بە هاوڵاتی سویدی ئەو ئەنجامەی دەبێت. گەر زانیبام هەرگیز داوای جنسییەی سویدیم نەدەکرد.

ئەم بابەتە لە لایەن داداگای باڵای دەزگای کۆچەوە لە بڕیارێکی نموونەییدا بڕیاری لەسەر درابوو. بڕیارەکە باس لەو بەندە یاساییە دەکات کە دەڵێ تەنیا منداڵانی بیانی، کە هاوسەرگیریان نەکردووە دەتوانن داوای هێنانی دایک و باوکیان بکەن. واتا ئەو منداڵانەی جنسیەی سویدی وەردەگرن، ئیدی وەک هاوڵاتی بیانی نابینرێن و ناتوانن داوای هێنانی دایک و باوکیان بکەن. ئەم مەسەلەیەش پێچەوانی یاسای خەڵک(Folkrätt) و کۆنڤانسیۆنی ئەورووپییە (Europakonventionen)، وەک پارێزەر کارین گیلەنرینگ ئاماژەی بۆ دەکات: 

-ئەمە پێچەوانەی هەردوو یاساکەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، من پێشنیار بۆ خاوەنی ئەو دۆسیانە دەکەم کە دێنە لای من داوای بوون بە هاوڵاتی سویدی نەکەن. بە بروای من کێشەکە لە دەقە یاساییەکەدایە، نەک لە بڕیارەکەی دادگای باڵای کۆچ. هەر بۆیە دەبێ یاساکە هەموار بکرێتەوە.