پێویستە هەزاران قوتابخانەی نوێ درووست بکرێت

1:41 min

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان، ڕێژەی قوتابییانی سەرەتاییش زیاد دەکات. لە زۆربەی کۆمۆنەکاندا ژمارەی قوتابخانەکان لە ئاستی ئەو زیادبوونەدا نییە، هەر بۆیە پێویستە کۆمۆنەکان لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەک قوتابخانەی نوێ درووست بکەن.

بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار (Statistiska centralbyrån)، چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی دانیشتوانی سوید لە نۆ ساڵی داهاتوودا یەک ملیۆن زیاد بکات. بەشی زۆری ئەم زیادبوونەی دانیشتوان، قوتابیانی دایەنگە و سەرەتایی لەخۆ دەگرێت، هەر بۆیە پێویستە خێرا قوتابخانەی نوێ درووستبکرێن.

بەرپرسی قوتابخانە سەرەتاییەکان لە مالمۆ، ئەندێش ڕووبین دەڵێ؛

لە سوید هەرگیز لەمەو پێش ڕووبەرووی بەرزبوونەوەیەکی لەو شێوەیەی رێژەی قوتابیانی سەرەتایی نەببوینەوە. ئەم ڕێژە بەرزەی ئێستا، لە ئاستی ڕێژەی سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ دایە.

لە شارە گەورەکاندا پرسی کەمی قوتابخانەکان لەبەرامبەر ئەم زیادبوونەوەی قوتابیاندا بەرچاوترە. لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەخت پێویستە تا ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی کورسی خویندنی قۆناغی سەرەتایی کە ئێستا ٩٥ هەزارە، زیاد بکری بۆ ١٢٠ هەزار. لە مالمۆ چاوەڕوان دەکرێ لە چەند ساڵی داهاتوو دا رێژەی قوتابیانی سەرەتایی لەسەدا ٦٠ زیاد بکات. لە شاری یۆتۆبۆریش چاوەڕوان دەکرێ تا ساڵی ٢٠١٠،  ٦ هەزار منداڵ دەست بەخوێندنی سەرەتایی بکەن. 

ئەمەش بەو مانایەیە کە کەمی قوتابخانەکان پرسێکی جددیە و پێویستە لە کاتێکی خێرادا هەزاران قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن. لە زۆربەی شارەکانیش کێشەکە هەر تەنیا پەیوەست نییە بە باری ماددیەوە، بەڵکوو نەبوونی شوێنی گونجاو و چری بیناسازی لە ناوەندی شارەکاندا یەک لە کێشە سەرەکیەکانە.