داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ تاوانبارەکە گۆڕانی بەسەردا هات

1:21 min

داواکاری گشتی داواکەی خۆی دەگۆڕێ لە دژی ئەو تاوانبارەی ساڵی پار بە تۆمەتی کوشتن لە ئاربۆگا گیرابوو. تاوانبارەکە دانی نابوو بە تاوانەکەیدا و داوای حوکمی هەتاهەتایی بۆ کرابوو، بەڵام ئێستا داوای بڕینەوەی ١٤ ساڵ زیندانی بۆ دەکرێ.

چوارشەممەی ڕابردوو داواکاری گشتی ڕایگەیاند، داواکەیان سەبارەت بەو تۆمەتبارەی بە تاوانی کوشتن حوکمی هەتاهەتایی بۆ داواکرابوو، گۆڕیوە. پێشتر داواکار، داوای حوکمی هەتاهەتای بۆ تاوانبارەکە کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوانبارەکە تەمەنی کەم بووە، جارێکی تر پێداچوونەوە بۆ دۆسیەکە کراوە. 

پێداچوونەوەکە باس لەوە دەکات تاوانبارەکە، کە بە هاڕێیەتی دۆستە کچە ٤٢ ساڵیەکەی، باوکی کچە دۆستەکەی خۆی کوشتووە، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە. هەر بۆیە ناکرێ داوای حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بکرێ و لە جیاتی ئەوە ئێستاکە داواکار داوای ١٤ ساڵ زیندان بۆ تاوانبارەکە دەکات. 

شایانی باسە، پێشتر هەوڵدرابوو لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکییەوە تەمەنی ڕاستەقینەی تاوانبارەکە دەستنیشان بکرێ، بەڵام ئەو پشکنینە دەرەنجامێکی ڕاستی سەبارەت بەوە بەدەست نەهێنابوو، کە داخوا تاوانبار لە سەروو ٢١ ساڵییەوەیە یان نا.

تاوانبارەکە هاوڕێ لەگەڵ ژنێکی ٤٢ ساڵەی خەڵکی ڤێسترۆس دەژیا، کە هەردوکیان بە تاوانی کوشتن و هەوڵی کوشتن ڕووبەڕووی دادگا ببوونەوە.