هاوپەیمانیی ڕاست پێشنیازی کار بۆ پەنابەران دەکەن

1:53 min

بەرەی هاوپەیمانیی ڕاست پێشنیازی شێوازێکی نوێی دامەزراندن بۆ گرووپە پەڕاوێزەکانی بازاڕیکار، وەک پەنابەری تازەهاتوو، دەکات.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی سوید جیاوازیی نێوان ئەو کەسانەیە کە کاریان هەیە و ئەوانی بێکارن. سەرۆکی بەرەی هاوپەیمانیی ڕاست و سەرۆکی مۆدێراتەکان ئاننا شینباری باترا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم پێشنیوەڕۆیە ڕایگەیاند.

 هەر بۆیە بەرەی هاوپەیمانیی ڕاست بە ئامادەبوونی هەر چوار پارتەکە مۆدێرات، پارتی سێنتەر، لیبرالەکان و مەسیحییە دیموکراتەکان پێشنیازی شێوازێکی نوێ لە دامەزراندن دەکەن بە ناوی (Inträdesjobb) کە بوار بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت کە لە دەرەوەی بازاڕیکارن بەتایبەت پەنابەری تازەهاتوو هەروەها لاوانی خوار تەمەن 23 ساڵ کە خوێندنی ئامادەییان تەواو نەکردووە لەسەدا 70 کار بکەن و لەسەدا 30 بخوێنن. مافی ئەم دامەزراندنە بۆ ماوەی سێ ساڵە.

 جێی ئاماژەیە تێچووی ئەم شێوازە دامەزراندنە نوێیە لەسەر کاسەی دەوڵەت ساڵانە نزیکەی دوو ملیارد کرۆن دەبێت. بەو شێوەیە ئەو خاوەنکارەی ئەو کەسانە دادەمەزرێنێت پێویست ناکات باجی خاوەنکار ناسراو بە (arbetsgivaravgift) بدەنە دەوڵەت.

بەرەی هاوپەیمانیی ڕاست پێیان وایە ئەم ڕیفۆرمە لە بازاڕیکاردا بوار بۆ دۆزینەوەی ئەو کارانە دەکاتەوە کە لە ئێستادا نین، بەتایبەت کە ئەم پێشنیازە ئامانج لێی ئەو کەسانەیە کە زامنی سویدی نازانن یاخود ئەو کەسانەی کە پاشخانی خوێندنیان کەمە.