Jihad
جیهاد ئیبراهیم، مونتاژی وێنە: بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید وێنە: Jessica Gow/TT

پەنابەرە تازەهاتووەکان لە کاردۆزگە ڕازیی نین

"شوێنی پراکتیک و کار دەبێت لەگەڵ ئەزموونی کەسەکە بگونجێت"
3:13 min

ژمارەیەک لەو پەنابەرانەی تازە دێنە سوید و ئیقامە واتا مافی پەنابەرییان هەیە لە بەرنامەی تایبەت بە ناوی (etableringsprogram) ڕازیی نین.

بۆ نموونە دەڵێن خوێندن و شوێنی پراکتیکی گونجاو وەرناگرن. جیهاد ئیبراهیم کە ماوەی سێ ساڵە لە سوریاوە هاتۆتە سوید یەکێک لەو کەسانەیە و دەڵێت من پاشخانی مامۆستاییم هەیە کەچی کاردۆزگە (Arbetsförmedlingen) دەمنێرێت بۆ ماکدۆناڵد بۆ پراکتیک. 

سەبارەت بە گلەییەکانی جیهاد لە کاردۆزگە بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید پەیوەندیی کرد بە کاردۆزگەوە، نیکلاس یوسفسۆن جێگری بەرپرسی بازاڕیکارە لە کاردۆزگەی ستۆکهۆڵم  وەڵامی داینەوە و وتی کەسی بەشداربوو وەک جیهاد مافی ئەوەیان هەیە کە لەگەڵ بەرپرسەکەیان لە کاردۆزگە داوای کار و شوێنی پراکتیکی گونجاو بکەن. 

یوسفسۆن هەروەها بەگشتیی پرۆگرامی جێگیرکردن لە بازاڕیکاردا ناسراو بە (etableringsprogram) ڕوونکردەوە و گوتی ئەو پرۆگرامە بۆ جێگیرکردنی پەنابەرانی تازەهاتووە لە بازاڕیکار و ناساندنیانە بە کۆمەڵگای سویدی، واتا بۆ ئەو کەسانەیە کە تازەهاتوونەتە سوید و ئیقامەیان هەیە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 64 ساڵانە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەشە کە بەتەنها هاتوونەتە سوید و تەمەنیان لە نێوان 18 -19 ساڵە. 

بەرنامەکەش بریتییە لە گفتوگۆیەک لەنێوان ئەو کەسە و بەرپرسەکەی تا زانیاریی لەسەر پاشخانی خوێندن و پیشە هەروەها ئەزموونی ئەو کەسە کۆ بکرێتەوە. هەر لەو بەرنامەیەدا خولی فێربوونی زمانی سویدی و ناساندنیان بە کۆمەڵگای سوید هەیە، جگە لەوەش بڕی کۆمەکێکی مانگانە بۆ ئەو کەسەش دیاری دەکرێت. 

دواتر چەند گفتوگۆیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت بۆ دۆزینەوەی پراکتیک واتا شوێنێی کار بۆ راهێنان و ئاشنابوون بە بازاڕیکار هەروەها بۆ دۆزینەوەی کاری گونجاو بۆ کەسی بەشداربوو. 

بەگشتیی زۆر گرنگە کە ئەو کەسەی لەو پرۆگرامەدا بەشدار دەبێت بە هاوکاریی بەرپرسەکەی لە کاردۆزگە شوێنی گونجاو بۆ پراکتیک و کار بدۆزنەوە کە لەگەڵ پاشخانی خوێندن و ئەزموونی کەسەکەدا دەگونجێت. بۆ نموونە شوێنی کاری وا هەیە کە پێویستی بە زمانی سویدی نییە، واتا کەسەکە دەتوانێت هەر زوو لە کارێک دابمەزرێت. 

ئەگەر کەسی بەشداربوو لەو بەرنامەیە ڕازیی نەبێت کە بەرپرسەکەی لە کاردۆزگە بۆی دیاریی دەکات ئەوا مافی ئەوەی هەیە داوای پێداچوونەوە بە بەرنامەکەیدا بکات و لەگەڵ داواکاریی و تواناکانیدا بگونجێنرێت. 

بەڵام جاری وا هەیە بۆ نموونە لەکاتی خوێندنی زمانی سویدی لە فێرگای ئێس ئێف ئی (SFI) لەگەڵ فێربوونی زماندا کەسەکە دەنێردرێتە شوێنێکی کار بۆ پراکتیک بۆ نموونە ماکدۆناڵد کە شوێنێکی کاری باشە بۆ ئاشنابوون بە شێوازی کارکردن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاردا هەروەها ڕێگەیەکە بۆ فێربوونی زمان.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".