asylboende
وێنە: Fredrik Sandberg/TT

بینای نەشیاو بە کرێ دەدرێتە پەنابەران

مەترسیی بۆ تەندرووستییان هەیە
2:11 min

بەکرێدانی بینای کار و پیشەسازیی کۆن بە کەسانی پەنابەر و نایاسایی بۆتە بازاڕێکی گەرم لە ستۆکهۆڵم.

بە پێی بەدواداچوونی بەرنامەی تەلەفزیۆنی سوید (Uppdrag granskning) ژمارەیەک بینای کۆن کە پێشتر وەک کارگەی پیشەسازی بەکار هاتوون ئێستا بەکرێ دەدرێنە ئەو کەسانەی کە بۆ کارکردن یاخود مافی پەنابەریی هاتوونەتە سوید.

ئەو کەسانەی لەوێ دەژین و قسەیان لەگەڵ کراوە دەڵێن نرخی هەر یەکێک لەو ژوورانە 6050 کرۆنە لەمانگێکدا.

بە پێی پۆلیس کە سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە مەرجەکانی پاراستن و دڵنیایی تێیاندا نییە بۆ نموونە شوێنی وان کە مەترسیی لەسەر ژیانی منداڵ دادەنێن یاخود پاشماوەی ماددەی وای تێدایە کە بۆ تەندرووستی خراپن. بەتایبەت ئەگەر ئاگر لەو بینایانەدا بکەوێتە مەترسیی زۆرە.

پێش چەند ساڵێک کاتێک پۆلیس و دەستگەی ئاگرکوژاندنەوە پەیوەندییان بە خاوەنی ئەو بینایانەوە کرد گوتی کە بیناکە داخراوە و هیچ کرێچیی تێدا نییە بەڵام کاتێک دوای ماوەیەک ڕاپۆرتوانی تەلەفزیۆنی سوید سەردانی بیناکەی کردووە هەر وەک خۆی ماوە، واتا بەردەوام کرێچیی تێدا بووە.

جێی باسە پۆلیس دەڵێن پێ دەچێت ئەم جۆرە بەکرێدانە بوبێتە بازاڕێکی گەرم و لە ڕێی ئەم خانووانەوە کە بە ڕەش واتا بە نایاسایی بەکرێ دەدرێن خاوەنی بیناکان قازانجی باش بکەن.

جێگری بەرپرسی کۆمۆنی ستۆکهۆڵم سەبارەت بەم جۆرە کارە ڕەشانە دەڵێت لەم کاتەدا کە قەیرانی خانووە و خەڵکێکی زۆر خانوویان دەست ناکەوێت کردنەوەی هۆتێل و خانووی لەم جۆرە ئاساییە بەڵام نابێت نایاسایی بێت و نابێت مەترسیی بن لەسەر ژیانی ئەو کەسانەی تێیدا دەژین.

بۆ نموونە کەسانێک هەن کە هەندێک بینا کە پێشتر وەک نووسینگە و شوێنی کار بەکار هاتوون بە مۆڵەتی کۆمۆنەکانیان دەیانەوێت بیکەنە هۆتێل بەڵام دەبێت مەرجەکانی سەلامەتیی لە ئاگرکەوتنەوە و مەرجی دیکەی دڵنیایی پەیڕەو بکەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".