.
وێنە: Fredrik Sandberg/TT

باترا دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە

"کێشەکان بە ڕۆشتنی من کۆتایی نایەت"
2:31 min

ئاننا شینباری باترا سەرۆکی مۆدێرتاکان وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی ڕاگەیاند.

کاتژمێر 9:30 سەرۆکی پارتی مۆدێراتەکان ئاننا شینباری باترا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی دەکێشێتەوە.

باترا وتی لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مۆدێرات لە بری کارکردن لەسەر پرسی سیاسەتی حیزب و پەیامەکانی خەریکی کاری وان کە تەنها بە زەرەر بۆ خۆیان و پارتەکە دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی مۆدێراتەکان لەو قەیرانەی ئێستایان ڕزگاریان بێت پێویستیان بەوەیە کار لەسەر سیاسەتی حیزبەکە بکەن و کەمتر بە ناکۆکیی شەخسیی نێو خۆیانەوە سەرقاڵ بن.    

باترا ڕای گەیاند کە لەو بارودۆخەی پارتەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت ڕازی نییە و ئەویش وەک سەرۆکی ئەو پارتە گەورەترین بەرپرسێتیی لەسەر شانە. جا لەم کاتەدا کە قەیرانی متمانە لە نێو پارتەکەدا هەیە و هەلومەرجی لەبار بۆ پێشخستنی پارتەکە و چارەسەری کێشەکان نییە، ناتوانم لە سەرۆکایەتیی مۆدێرات بەردەوام بم.

ئەو هەروەها وتی بە ڕۆشتنی من کێشەکانی نێو مۆدێرات چارەسەر نابن لەبەرئەوەی ئەو کێشانە لەساڵی 2015 ەوە کە من بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرام دەستی پێ نەکردووە بەڵکو پێش ئەوەی من ببمە سەرۆک هەر هەبوون. بەڵام بە پێی پێویست ئەو کێشانەمان تاووتوێ نەکردووە و باسمان لە چۆنییەتی چارەسەرییان نەکردووە. 

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئاخۆ پەشیمان نییە لە دەرگا واڵا کردن بۆ دیموکراتەکانی سوید (Sverigedemokraterna) بەتایبەت کە لەو کاتەوە ژمارەی دەنگدەرانیان بێوێنە کەمی کرد، باترا وتی نەخێر بەهیچ جۆرێک پەشیمان نییم و هەر لەسەر ئەو باوەڕەم کە دەبێت دیالۆگ لەگەڵ هەموو پارتەکانی نێو پەرلەماندا ئاسایی بێت هەرچەندە پەیامی سیاسیشمان جیاواز بێت.

باترا وتی شانازی دەکەم کە یەکەم ژنم لە نێو مۆدێراتەکاندا متمانەی پۆستی سەرۆکایەتییم بردەوە، بەو هیوایەم لە داهاتوودا کچەکەم سەرەکوەزیرانێکی ژن لە سویددا ببینێت.

جێی باسە دەست لەکار کێشانەوەی باترا لەدوای قەیرانی متمانەی نێو پارتەکە دێت کە نزیکەی نیوەی لقەکانی ئەو پارتە بە فەرمی و لە ڕێی میدیاکانەوە داوایان لەباترا کرد دەست لە کار بکێشێتەوە و بەرپرسێتیی لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانیان گەڕاندەوە بۆ سیاسەتی چەوتی باترا و کە نەیتوانیوە پەیامی پارتەکە بگەیەنێتە جەماوەر. 

سەبارەت بە سەرۆکی نوێی مۆدێراتەکان باترا ڕای گەیاند کە داوا لە لیژنەی هەڵبژاردنەکانیان دەکات کە کۆنگرەیەکی ئاوارتە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی مۆدێراتەکان بگیرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".