Olof Åslund
ئۆلوف ئۆسلوند بەرپرسی گشتیی دەستگەی لێکۆڵینەوەی (IFAU)

بییانیان درەنگ کاریان دەست دەکەوێت

زۆربەیان بە مووچەی کەم دادەمەزرێن
2:18 min

پێنج ساڵ دەخایەنێت بۆ کەسێکی بییانی تا کارێکی دەست دەکەوێت.

لە ڕاپۆرتێکی نوێی دەستگەی هەڵسەنگاندنی بازاڕیکار و خوێندن (IFAU) دا هاتووە حەوت لە دەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سوید لەدایک بوون نزیکەی پێنج ساڵ دەخایەنێت تا یەکەم کاریان دەست دەکەوێت، کەمتر لە نیوەی ئەو کەسانەش دەتوانن لە بازاڕیکاردا بمێننەوە.

بەرپرسی گشتیی دەستگەی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی بازاڕیکار و خوێندن ئولوف ئۆسلوند دەڵێت ڕەوتی دامەزراندنی بیانیان لە بازاڕیکاردا خاوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا کە تایبەت بە پرسی پەنابەر و بازاڕیکارە، هاتووە کە پیاوان ئاسانتر کاریان دەست دەکەوێت بەراورد بە ژنان، یەکەم کار کە بییانییەک وەری دەگرێت زیاتر لەو کارگە و دەستگانەدایە کە مووچەی کەمە.

جێی باسە ڕاپۆرتەکە ساڵانی 1990-2014 دەگرێتەوە و بەگشتی دەرکەوتووە کە لەسەدا 45 ی ئەو کەسانەی کە دێنە سوید دوای پێنج ساڵ کاریان دەست کەوتووە و دوای 15 ساڵ ژیان لە سوید لە سەدا 80 یان کاریان هەیە.

بەرپرسی گشتیی دەستگەی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی بازاڕیکار و خوێندن ئولوف ئۆسلوند دەڵێت ڕەنگە هەندێک لە بیانیان نیگەران بن و پێیان وابێت بە هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی نوێ دەستکەوتنی کار زەحمەتتر ببێت، بەڵام بەپێی ئەزموونەکان ئەو جۆرە پەیوەندییە نییە و زۆربوونی ژمارەی پەنابەر بەر لە دەستکەوتنی کار ناگرێت.

لەسەر پرسی پەنابەریی و بازاڕیکرا گفتوگۆیەک کە لە نێو مەیدانی سیاسی و بازاڕیکاردا لە ئارادایە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی زۆرینەی کەسانی بیانیی و پەنابەری تازەهاتوو بتوانن کار وەربگرن باشتر وایە خاوەنکار هان بدڕێن لەبەرامبەر کەمکردنەوەی باجی مووچە پەنابەران بە مووچەی کەم دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پێیان بێتە بازاڕیکار.

ئەم تیۆرییە بەپێی دەستگەی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی بازاڕیکار و خوێندن کاریگەریی باشی هەیە بەڵام کاریگەرییەکە درێژخایەن و بەرفراوان نییە، واتا لە بارودۆخی بێکاریی بیانیان کەم دەگۆڕێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".