.
وێنە: Fredrik Sandberg/TT

مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی ڕوبەڕوی ناڕەزایی دەبێتەوە

لە ١١ بۆ ٢٩ی مانگی نۆ بەڕێوە دەچێت
2:27 min

ڕۆژی دووشەممە بڕیارە گەورەترین مانۆڕی سەربازیی سوید کە یەکەم جارە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەبچێت. بە بڕوای ڕەخنەگران ئەم مانۆڕە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژیی سەربازیی.

مانۆڕی ئاورۆرا ١٧ بۆ ئەوەیە توانایی هێزی بەرگریی سوید لە کاتی هێرشدا، بەهیز بکات. نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەشداریی ئەم مانۆڕە دەکەن و لە ناوچەکانی مێلاردالێن، ستۆکهۆڵم، یۆتێبۆری و گۆتلاند بەڕیوەدەچێت.

چەند وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ بانگهێشت کراون بۆ بەشداریی مانۆڕەکە، بۆ نموونە ئەمەریکا و فەڕەنسا. ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی تووندی هەندێک لە ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان.

توماس ماگنوسۆن بەرپرسی کۆمەڵەی (Svenska freds och skiljedomsföreningen) کە کۆمەڵەیەکە بۆ ئاشتی و و تەبایی و گفتوگۆ هەوڵ دەدەن و لەو باوەڕەدان کە شەڕ هیچ کێشيیەک چارەسەر ناکات دەڵێت،

ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئەندامێتی ناتۆن و وەک دوژمن چاو لێدەکرێن، دەبێت هەست بە مترسیی بکەن. دواتریش سوید هیچ بەرژەوەندییەکی لە گرژ کردنەوەی هەلومەرجی ناوچەکەدا نییە.

ئێستا چەندین ڕێکخراوی ئاشتیخواز لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ڕیکخستنی سیمینار و بڵاو کردنەوەی زانیاریی لە شاری یۆتێبۆری، ناڕەزایی خۆیان بە دژی ئەم مەشقە سەربازییە نیشان دەدەن.

بەڵام هێزی بەرگریی سوید جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەم مانۆڕە هیچ پەیوەندییەکی بە ناتۆوە نییە، بەڵکۆ مەشقێکی سەربازیی ناوخۆی سویدە. بەشداری هێزە دەرەکییەکان تەنیا بە مەبەستی بەهێزکردنی مانۆڕەکە و خۆئامادەکەردنە بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە کاتی ڕووداوی نەخوازراودا. 

ستێفان ساندبۆری فەرماندەی تیپی دووەمی سوپا، لەگەڵ ٣ هەزار سەربازی سەر بە یەکینەکانی تیپ لە سەراسەری وڵاتدا لەم ڕاهێنانەدا بەشدار دەبێت. ناوبراو لەگەڵ بۆچوونی ڕەخنەگراندا نییە و پێی وا نییە ئەم ڕاهێنانە ببێتە هۆی ناکۆکی و گرژبوونەوەی سەربازیی لە ناوچەکە و دەلێت

ـ مەبەست لەم ڕاهێنانە ئەوەیە کە فوکوس بخەینە سەر بەهێز کردنی توانا و شێوەی مامەڵەکردنمان بەرامبەر ئەگەری هێرشێکی سەربازی.

جێی باسە ئەم مەشقە سەربازییە لە ڕێککەوتی ١١ تا ٢٩ی سێپتامبێر بەڕێوە دەچێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".