.
وێنە: Tina MagnergÃ¥rd-Bjers/TT

حکومەتی سوید پشتگیری لە گشتپرسیی هەرێمی کوردستان ناکات

"تا دەرفەت هەبێت یەکێتی خاکی عێراق ببپارێزن"
3:17 min

وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤالستروێم بە بەشی کوردیی ڕادیۆی سویدی ڕاگەیاند کە ئەوان لەو دەترسن پرسی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە و ئاڵۆزیی لێ بکەوێتەوە.

 ڤاڵستروێم  لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت:

ئێمە خوازیارین ئەوەندەی دەرفەت هەبێ، یەکێتی عێراق ببپارێزێت. 

 هەر هەشت پارتە سیاسییەکەی نێو پەرلەمانی سوید، لە ڕاپرسییەکی تایبەتیی بەشی کوردیی رادیۆی سویددا ڕایانگەیاند کە پشتگیری لە پرۆسەی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکەن و ئەمە بە مافی ڕەوای گەلی کورد لە قەڵەم دەدەن.

جێی باسە ئەمە تەنها هەڵوێستی سیاسیی پارتە سیاسییەکانە نەک حکومەت. وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵستروێم هەڵوێستی حکومەتی سوید و سوید بەگشتیی دوو جار ڕاگەیاندووە. جاری یەکەم مانگی هەشتی ئەمساڵ بە هاوکاری ئێمە (Spencer Bomholt) لە بەشی ئینگلیزیی ڕادیۆی سویدی گوت: 

           ئەمە بابەتێکی گرنگە و هەموو شتێک دەربارەی ئەو پرسە، پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە. بۆ ئەم پرسەش دەبێت لە پرۆسەیەکی کراوەی دیموکراتیدا کە مرۆڤ دەتوانێ لە نزیکەوە چاودێریی بکات بهێنرێتە ئاراوە. من پێموایە بەر لەهەموو شتێک لە بەرژەوەندیی خودی عێراق و کوردەکاندایە کە بتوانن لە پرۆسەیەکی سیاسیدا هەموو پرسەکانیان لە ڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە بیننە گۆڕێ.

 لە ڕووی نێودەڵەتییەوە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بۆچوونی زۆری لێکەوتۆتەوە. بۆ نموونە حکومەتی ناوەندیی عێراق بەهەموو شێوەیەک دژی ئەنجامدانی گشتپرسییە. هەروەها ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەمەریکا، گەورە وڵاتانی ئەورووپا وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا دژایەتییی خۆیان لەگەڵ گشتپرسییەکە ڕاگەیاند. وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکەش وەک تورکیا و ئێران هەڕەشەی گرتنەبەری هەڵوێست دەکەن ئەگەر بێت و گشتپرسییەکە ئەنجام بدرێت. لە هەمان کاتدا ئاژانسی هەواڵەکانی سوید، تێ تێ (TT) دووبارە داوای هەڵوێستی فەرمیی حکوتی سویدی لەسەر گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لێکرد و  ئەو لەوەڵامدا گوتی: 

 جیهان چاودێریی گشتپرسییەکە دەکات و سەرنجی لە سەرییەتی. ئێمە ترسمان لەوە هەیە کە ئەمە ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات و ئالۆزیی لێبکەوێتەوە. لەگەڵ ڕێزماندا بۆ کوردەکان، بەڵام ئێمە خوازیارین کە ئەوان ئەوەندەی دەرفەت هەبێ، یەکێتیی خاکی عێراق بپارێزن.

ئەم گوتانەی ڤاڵستروێم ئەوە دەگەیەنێت کە هەرچەندە پارتی سۆسیالدیموکراتەکانی سوید لە نێو پارتە سیاسییەکاندا پشتگیریی خۆیان بۆ گشتپرسی نیشانداوە، بەڵام بۆچوونی فەرمیی حکومەتی سوید لە ڕێی وەزیری دەرەوەی سوید ئەوەیە کە پشتگیری لە گشتپرسی ناکەن و تێبینیشیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".