.
وێنە: SAFIN HAMED

گەشتە ئاسمانییەکانی کوردستان دەوەستن

"هەندێک کۆمپانیا گەشتەکانیان بەردەوام دەبێت"
1:47 min

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر ڕای گەیاند لەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکانی کوردستان دەوەستن.

نووسینگەی هەواڵی فەڕەنسی (AFP) لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانی هەولێر تەلار فایەقەوە نووسیویەتی کە ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتانی دیکە دەوەستێت.

بەڵام گەشتە ناوخۆییەکان لەنێوان کوردستان شارەکانی دیکە عێراق بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەم بڕیارە فڕۆکەی جەنگی و دیبلۆماسی هەروەها فڕۆکەی هاوکارییە مرۆییەکان ناگرێتەوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانی سلێمانیش ڕای گەیاندووە ئەو کەسانە دەیانەوێت بەرەو وڵاتانی دیکە گەشت بکەن دەبێت بچنە بەغداد و لەوێوە گەشت بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە سەدەها کوردستانییانی سوید بە گەشت یاخود بە مەبەستی بەشداریی لە ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، ئێستا لە کوردستانن.

لە پەیوەندیی بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید ئەم پاشنیوەڕۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئازاد عومەر موسا ڕای گەیاند کە چاوەڕێی وەڵامی حکوومەتی عێراقن و تا ئێستا نازانرێت چی ڕوو دەدات.

ئەو هەروەها وتی کە پێشبینی دەکرێت کە گەر بڕیارەکەی بەغداد جێبەجێ بکرێت ئەوا ڕاگرتنی گەشتەکان چەند ڕۆژێک بخایەنێت و دواتر ئاسایی دەبێتە لەبەرئەوەی ئەمە پرسێکە خەڵکی مەدەنی و لایەنی زۆر دەگرێتەوە و ناتوانرێت درێژەی پێ بدرێت. 

بەو شێوەیە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، بە کاتی کوردستان، مۆڵەتە سێ رۆژییەکەی حکومەتی عێراق بۆ راده‌ستكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هەولێر و سلێمانی کۆتایی دێت.

هەر بەو هۆیەوە چەندین هێڵی ئاسمانی لە دوێنێوە پابەندبوونی خۆیان بەبڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە ڕا گەیاندووە کە گەشتەکانیان بۆ کوردستان دەوەستێنن.

بەڵام کۆمپانیای فڕینی وەک لوفتهانسا (Lufthansa) ڕایان گەیاندووە کە گەشتەکانیان بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە بەردەوام دەبێت. 

زانیاریی زیاتر لە لینکی هاوپێچدا بدۆزەرەوە!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".