.
وێنە: INTS KALNINS

شیلییەکان داوای قەرەبوو لە بۆلیدێن دەکەن

2:38 min

ئەورۆ لە دادگای خێلێفتیۆ پرۆسەی دادوەری لە نێوان کۆمپانیای بۆلیدێنی سویدی و ٨٠٠ کەسی خەڵکی شیلی بەڕێوە دەچێ.

شیلیەکان داوای قەرەبووکردنەوە لەو کۆمپانیایە دەکەن چونکە لە هەشتاکانی ساڵی رابردوو پاشەڕۆی ژەهراویی مەترسیداری بۆ وڵاتی شیلی ناردووە و زیانی بە تەندروستی هاووڵاتیانی شارێکی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

بە درێژایی چوار ساڵ ئامادەکاری بۆ ئەم پرۆسەی دادگایی کردنە  کراوە. رابردووی ئەو رووداوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پاشماوەی ژەهراوی لە هەشتاکاندا لە لایەن کۆمپانیای بۆلیدەنەوە لە کارگەی تواندنەوەی (Rönnskärsverk)  لە شاری خێلێفتیۆی سویدییەوە بۆ شیلی نیردراوە و ئێستا شیلیەکان دەڵێن ئەو پاشماوە ژەهراوییانە ئەوانی نەخۆش کردووە.

نزیکەی بیست هەزار تۆن لەو پاشماوە ژەهراوییە لە لایەن کۆمپانیایەکی شیلی بە ناوی برۆمێڵ (Promel)بە بری ١٠ ملیۆن کرۆن کڕدراوە و ویستویانە ئەو پاشماوە ژەهراوییە بپاڵێون و زێر و ماددەی دیکەی لێ دەربهێنن. بەڵام ئەو پاشماوەیە لە شارێکی هەژارنشینی نزیک دەریا بە ناوی (Arica) و لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بە سەردانەپۆشراوی دانراوە.

یۆن ئۆبێری یەکێک لە پارێزەرانی ئەو ٧٩٦ کەسەی کە داوای قەرەبوویەکی ١٠٠ ملیۆن کرۆنی دەکەن  دەڵێ کە ئەو شوێنە یەکێک لە شوێنە ویشکەکانی سەر گۆی زەوییە و بە بیست ساڵ جارێک باران دەبارێ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو پاشماوە کەڵەکە بووە ویشک بۆوە و لە رێگەی باوە ئەو مادە ژەهراوییە بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا بڵاو بۆوە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بۆ یەکەمجار سەرنج درایە ئەو کێشەیە دوای ئەوەی نەخۆشی شێرپەنجە و کۆخەرەشە و ئێشو ئازار لە ئێسک و جومگەکان دا دەستی پێ کرد.

کۆمپانیای بۆلیدێن بەرگری لە خۆی دەکات و دەڵێ ئەو کات رێوشوێنی پێویستیان بۆ ئەو کێشەیە گرتۆتە بەر، بەرپرسی پەیوەندیەکانی بۆلیدێنس بە ناوی کلاس نیلسۆن دەڵێت: ئەوکات هەردوو حکومەتی سویدی و شیلیمان ئاگادار کردۆتەوە و لێکۆلینەوەشمان کردووە کە مۆڵەتمان پێ بدرێ بۆ ئەوە ئەو بارە بگوازینەوە، ئەو پێی وایە کە هەڵەکە لە سەرنەکەوتنی لایەنی بەرامبەرە کە نەیتوانیوە ئەو مادە ژەهراوییە بپاڵێوێ و لە شوێنێکی گونجاو دایبنێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".