.
ئەحمەدرەزا جەلالی وێنە: Tomas Oneborg/SvD/TT

سوید دژ بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەحمەد ڕەزایە

2:45 min

هاوسەری لێکۆڵەوەری بە ڕەگەز ئێرانی کە بە گومانی سیخوڕیی لە ئێران دەستگیر کراوە دەڵێت ئەحمەدڕەزا جەلالی حوکمی لە سێدارەدان دراوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویدیش لەو بارەیەوە دەڵێت، کاری جدی بۆ ئەو پرسە دەکەین.

- دەستمان بە پەیوەندیی کردووە بۆ گەیاندنی پرۆتێست دژ بەو حوکمە، ئێمە ناتوانین وەک سوید هەڵوێست لەسەر هۆکاری حوکمدانەکە بگرین بەڵام سوید و وڵاتانی دیکەی یەکییەتیی ئەورووپا دژ بە سزای لە سێدارەدانن. وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵسترۆم دەڵێت، هەوڵ دەدەین بە ئێران ڕابگەیەنین کە گەر ئەم سزایە بخرێتە کار ئەوا زیانی بۆ پەیوەدنییەکانی نێوان ئێران و یەکییەتیی ئەورووپا دەبێت بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران و یەکییەتیی ئەورووپا پێویستییان بە هاوکارییە، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی.

ئەحمەدرەزا جەلالی کە وەک لێکۆڵەوەر لە ئینستیتیوتی کارۆلیمسکا لە سوید کاری دەکرد لە مانگی ئەپریلی ساڵی پارەوە لە کاتی سەردانێکیدا بۆ ئێران دەستبەسەرە، تا ئێستا چارەنووسی جەلالی دیار نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید لە زاری هاوسەری جەلالییەوە ڕای گەیاند کە جەلالی حوکمی لە سێدارەدانن دراوە.

ئەم زانیارییە تا ئێستا پشت ڕاست نەکراوەتەوە و لە سەرچاوەی فەرمیی ئێرانییەوە ڕانەگەیەنراوە، پرۆفێسۆری پرسی مافی گەلان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم سەعید مەحموودی دەڵێت هێشتا ڕوون نییە کە ئاخۆ دەنگۆی سزای لە سێدارەدانی جەلالی ڕاستە یان نا، بەڵام ئەگەر دادگا بڕیاری لەو شێوەیەی دا بێت ئەوا دوای چەند ڕۆژێک بە فەرمی ئاشکرا دەکرێت.

سەبارەت بەوەی کە سوید دەتوانێت چی بکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو لێکۆڵەوەرە، مەحموودی دەڵێت ڕاستە ئەو لێکۆڵەوەرە لە سوید ژیاوە بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕەگەزنامە واتا جنسییەی نییە سوید ناتوانێت بەتەنها کاری بۆ ئەو پرسە بکات بەڵکە دەبێت بە هاوکاریی یەکییەتیی ئەورووپا و لە ڕێی کاری دبلۆماسییەوە هەوڵ بدرێت.

جێی باسە سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو لێکۆڵەوەرە لە ئێران، سەعید مەحموودی دەڵێت تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە نییە بەڵام بەپێی ئەوەی کە لە مێدیاکاندا هاتووە گوایا ئەحمەدڕەزا جەلالی لە چەند کۆنفرانسێکی لێکۆڵێنەوەدا ئامادە بووە کە لێکۆڵەوەر لە وڵاتانی ئیسرائیل و سعوودییەش تێیدا بەشدار بوون گوایا لەڕێی ئەو پەیوەدنییانەوە جەلالی لەلایەن پۆلیس نهێنیی ئیسرائیلییەوە کراوەتە ئەندام.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista