.
وەزیری یەکسانیی ئۆسا ڕێنگنێر وێنە: Claudio Bresciani/TT

وەزیری یەکسانیی: هەموو جۆرە زۆرلێکردنێکی سێکسی تاوانە

2:35 min

ئۆسا ڕێنگنێر وەزیری یەکسانیی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا پەیمانی خستنەکاری یاسای (samtyckeslagen) واتا یاسای ڕەزامەندیی دوولایەنەی دا.

- ڕێگنێر بۆ ڕادیۆی سوید سەبارەت بەو یاسایە دەڵێت پێش سەری ساڵی نوێ وەزارەتی داد پێشنیازێک بۆ یاسایەک بە ناوی یاسای (Samtyckeslagen) دەنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاسا نوێیە لە هاوینیی داهاتووەوە کاری پێ بکرێت.

وەزیری یەکسانیی هەروەها دەڵێت کە بە نیازە لایەنە بەرپرسەکان لە بازاڕیکاردا بانگهێشتی گفتووگۆ بکات بۆ چۆنییەتیی بەرگرتن لە گێچەڵپێکردنی سێکسی لە شوێنی کاردا.

لە حاڵی حازردا ئەو یاسایانەی کە دژ بە تاوانی سێکسی هەیە تایبەتە بەو ڕووداوانەی کە کەسێک بۆ کاری سێکسی زۆری لێ کراوە و بە هەڕەشە و تووندوتیژیی ئەو کارەی لەگەڵ کراوە، بەڵام بەپێی ئەو پێشنیازە نوێیە کە لە ساڵی پارەوە گفتوگۆی لەسەرە و لەگەڵ هاشتاگی می توودا هاتۆتەوە بەر باس، داوا دەکرێت کە هەموو جۆرە کردارێکی سێکسی واتا بۆ نموونە وشە و هەڵسوکەوتێکی سێکسی کە کەسی بەرامبەر ناڕەحەت دەکات و بە ناڕەزایی کەسی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت دەبێت وەک تاوان چاوی لێ بکرێت، واتا مەرج نییە تووندوتیژیی و هەڕەشە بەکار هاتبێت.

ئان رامباری بەرپرسی گشتیی سەندیکای پارێزەران ڕەخنە لەم پێشنیازە نوێیە دەگرێت و دەڵێت جێبەجێکردنی یاسای لەو شێوەیە زەحمەتە لەبەرئەوەی خەڵکی تێڕوانینی جیاوازیان بۆ سێکس و پێناسەی جیاوازیان بۆ دەستدرێژیی و گێچەڵپێکردن هەیە هەر بۆیە زەحمەتە کەسێک بەو هۆیانە لە یاسادا حوکم بدرێت، ئەو لێکۆڵینەوەیەشی کە دەمێکە لەسەر ئەو پێشنیازە بەڕێوە دەچێت ئاماژەی بەو بەربەستانە کردووە.   

جێی باسە هەر دوێنێ بە هەزاران کەس لە شارەکانی سویددا دژ بە دەسترێژیی سێکسی و گێچەڵپێکردن بە ژنان خۆپیشاندانیان ساز دا، ئەمە وەک هاوپشتیی بۆ کامپینی (metoo#) کە بە هەزاران ژن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە ئەزموونەکانی خۆیان لە بێزارکردن و پەلاماردانی جنسی دەکەن.

لە سەرەتاوە ئەو بزووتنەوەیە لە ئەمریکا و بە دەسپێشخەریی ئەکتەر ئالیسا میلانۆ بە بڵاوکردنەوەی توویتێک دەستی پێ کرد و ئێستا تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی لە سەر ئاستی جیهان گرتۆتەوە و هەروەها لە ئاستی سیاسیی و یاساداناندا کەوتۆتە بەر باس.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".