.
فرێدریک مالم، تارا عەزیزی، مازن مفتی، خالید ساڵح وێنە: رادیۆی سوید/سۆران عەلیپوور Claudio Bresciani/TT

کوردانی نیشتەجێی سوید لە بارودۆخی کوردستان نیگەرانن

5:10 min

کوردستانیانی سوید بە نیگەرانیەوە دەرواننە گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم مژارە و رەوشی هەرێمی کوردستان لە پانێلێک دا  لە ستۆکهۆڵم تاوتوێ کرا.

کوردستانیانی سوید باس لە نیگەرانی و دوودڵیەکانی خۆیان دەکەن سەبارەت بەو دۆخەی کە لە کوردستان هاتۆتە پێش، تارا عەزیزی یەکێک لەو کوردانەی سویدە کە لە سالۆنی پانێلەکە ئامادەبوو ئەو دەڵێ دۆخێکی ناخۆشە و هەموومان هیوایەکی گەورەمان بە ریفراندۆم هەبوو.

شەممەی رابردوو پانێلیکی راوێژکردن بە دەسپێشخەریی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید لە (ABF) لە ستۆکهۆلم پێکهات. لەو سیمینارەدا گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییەی کوردستان لە لایەن ماگنوس نۆرێل لێکۆڵەر لە بواری تیرۆر و رۆژهەڵاتی نێوەراست دا  ، د.خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی لینشۆپئنگ، د.خالید ساڵح نووسەر و سیاسەتزان،و فرێدریک مالم ئەندام پەرلەمان لە سەر لیستی لیبرالەکان  تاوتوێ کران.

لە پەراوێزی سیمینارەکەدا بەشی کوردیی رادیۆی سوید پەرلەمانتار فرێدریک مالمی دواند کە یەکێک لە بەشدارانی ئەو پانێلە بوو. ئەو پێی وابوو کە دۆخەکە لە کوردستان جدییە و سوێد دەبێ باشتر پشتیوانی لە کوردستان بکات. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی سوید لە هەرێمی کوردستانی بە باش لە قەڵەم دا بەڵام پێی وابوو کە هەر ئەوەندە بەس نیە.

لە بەرامبەردا خالید ساڵح  سیاسەتزان و نووسەر  پێشوازی لە هەر هەوڵێک کرد لە لایەن سویدەوە کە هاوکاریی باشترکردنی بارودۆخی کوردستان بکات.

تارا لە داخرانی کوردستانیش بە ڕووی دنیای دەرەوەدا نیگەرانە و پێی وایە کە گرینگە هاتوچۆ هەبێ بۆ کوردستان، بە تایبەت لە بواری ئابووریەوە، ئەگەر نا ریسکی تەریک مانەوەی کوردستان زۆرە.

سیاسەتزان خالید ساڵح نیگەرانیەکانی خۆشی ناشارێتەوە و دەڵێ :  گۆرانکاریەکان بە ئاراستەیەکی نێگەتیڤ دەرۆن و خەڵک لە بارەی کەس وکاری خۆیان نیگەرانن، کە ئاخۆ چیان بەسەر دێ، ئەو ئاماژە بەوەش دەکا کە ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە کوردستان بە ئومێدێکەوە گەراونەتەوە ویستویانە بەشداری ئاوەدان کردنەوەی کوردستان بگرن.

کوردێکی تری نیشتەجێی سوید کە لە پانێلەکە ئامادە بوو مازن مفتی یە،  ئەورۆژە بە وردی سەرنجی دابووە وتەی پانێلگێڕەکان و بە بەشی کوردی رادیۆی سویدی راگەیەیاند کە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر خۆشحاڵ بوو ئێستا باس لە نائومێدی خۆی دەکات و  دەڵێ زۆرمان پێناخۆشە کە ئەو بارودۆخە هاتۆتە پێش، ماوەیەک پێش ئێستا شاییمان دەکرد بۆ سەربەخۆیی بەڵام ئێستا وەزعەکە گۆڕاوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".