.
وێنە: JANERIK HENRIKSSON / TT

پسپۆڕان: ئازاردانی جنسی لە فێرگاکاندا نۆرمالیزە دەکرێ

3:26 min

زۆری فێرگاکانی سوید گێچەڵپێفرۆشتن و ئازاردانی جنسی نۆرمالیزە دەکەن. ئەمە بۆچوونی یەکێک لە پسپۆڕە دیارەکانی سویدە لەم پرسەدا.

کاتیا ییلاندێر گودین پسپۆڕ لە بواری زانستی تەندرووستی گەل بە کەناڵی (P4 Malmöhus) دەڵیت ئەگەر چاوێک لەو کچانە بکەین کە بە فێرگای سەرتایی و ئامادەییدا تێپەڕیون، زۆربەیان شێوەیەک لە ئازاردانی جنسیان بینیەوە، جا یان خۆیان تووش بوون یان کەسێکی تریان بینیوە.

کاتیا ییلاندێر کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەم پرسە دەکۆڵیتەوە هەروەها لە وتارێکدا لە گۆڤاری زانستیی جێندێر ئەند ئێدیوکێیشن (Gender and education) باس لە کچێکی خوێندکاری ئامادەیی دەکات، کە ماوەیەکی دورودرێژ لە لایەن خوێندکارێکی ترەوە ئازاری جنسی دراوە. سەرەڕای ئەوەی کە کچەکە چەندین جار لای مامۆستاکان و بەڕیوەبەری خوێندنگاکە شیکایەتی لەو خوێندکارە کردبوو، بەڵام سووکایەتییەکان هەر بەردەوام بوون. بەڕێوەبەرایەتی فێرگاکە ڕەفتاری کوڕە خوێندکارەکەیان بە مندالانە لە قەڵەم دا و پێشنیاریان کرد کچەکەش لەگەڵ ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیی فیرگاکە پەیوەندی درووست بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە کەمیی ئاستی زانیاریی کارمەندەکانی فێرگاکە لە بارەی ئازاردانی جنسی و نەبوونی بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ پێشگرتن لەم ڕووداوانە، بووەتە هۆی بەردەوام بوونی ڕووداوەکە.

بە پێی وتەکانی کاتیا ییلاندێر، فێرگاکان بەم شێوە لەگەڵ گرفتەکانی ئازاردانی جنسی مامەلە دەکەن و ئەمەش دەرئەنجامی جیددی لیدەکەوێتەوە. بۆ نموونە، ئازاردانی جنسی بەرامبەر بە کچان دەتوانێ کێشەی دەروونی خەمۆکی لەگەڵ خۆی بهێنێ، یان هەستی بڕوا بەخۆبوونیان لاواز دەبێ و خۆیان بریندار دەکەن.

ئازاردانی جنسی کاریگەریی نەرێنیی زیاتر لە سەر کچان دادەنێت، بە رای کاتیا ییلاندێر گۆدین لەبەر ئەوەی کە کچان بە شیوەی جۆراوجۆر و زیاتر لە کوڕان ڕووبەڕوی ئازاردانی جنسی دەبنەوە.

بە پێی یاسا دەبێت فێرگاکان پێش بە ئازاردانی جنسی بگرن و نەریتی کاری کارمەندەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە ڕوون و دیار بێت.  چاوەدێری بەرزی حکوومەت لە بواری هەڵاواردندا (DO) بۆ چاوەدێریکردنی ئەم پرسە ڕاسپێردراوە.

یاساناس کارل لیند دەڵێت زۆربەی کاتەکان مامۆستاکان ئەم رەفتارانە وەکو سووکایەتی و ئازاردانی جنسی نابینن، بەڵکوو پێیان وایە کە ڕەفتارێکی ئاساییە لە نێوان خوێندکارەکاندا، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی کە ئەوان دەیبینن ئازاردانی جنسییە.

 

 

 

 

درێژەی هەواڵ بەڕیوەیە....!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".