.
ستێفان لۆڤێن سەرەکوەزیرانی سوید وێنە: Jonas Ekströmer/TT

"ئەم کۆبوونەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتییانە"

3:05 min

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی یەکییەتیی ئەورووپا بۆ تاووتوێکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کار، خوێندن و یەکسانی دەستی پێ کرد.

سەرەکوەزیرانی سوید ستێفان لۆڤێن دەڵێت بڕیاردان لەسەر یاسا و سیستێمی کۆمەڵایەتیی بەدەست وڵاتان خۆیانە بۆ نموونە کە بڕیار لەسەر سیستێمی بیمە بدەن، بەڵام گرنگیشە کە وڵاتانی نێو یەکییەتییەکە پێکەوە بازاڕێکی وا گەشە پێ بدەن کە لاوانمان نەکەونە پەڕاوێزی بازاڕیکارەوە و پێکەوە هاوڵاتییان لەوە دڵنیا بکەینەوە کە کاری ئەم یەکێتییە بۆ پێشخستنی ژیانی ئەوانە.  

ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا سەرۆکی وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا و نوێنەرانی بازاڕیکار لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا لەسەر 20 ئامانج بۆ باشکردنی هەلومەرجی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی هاوڵاتییان گفتوگۆ دەکەن.

ئامانجیش ئەوە نییە کە یاسای نوێ سەبارەت بەو پرسە کۆمەڵایەتییانە بهێنرێتە کایە بەڵکە بۆ ئەوەیە کە ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێک دەکەون بخرێنە بەرنامەی کۆمسیۆنی یەکییەتیی ئەورووپاوە و دواتر وەک ڕێنمایی بۆ سیاسەتی ئابووری وڵاتان پێشنیاز بکرێت.

ستێفان لۆڤێبن سەرەکوەزیرانی سوید دەڵێت ناکرێت سەرکردەی ئەم هەموو وڵاتە و نوێنەرانی بازاڕیکار هەڵخەڵەتێنرابن بەڵکە هەمووان دەزانن کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە تەنها باشکردنی هەلومەرجی ژیانی هاوڵاتییانە و بەرزکردنەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بەهەند گرتنیانە.

ئەو دەڵێت دەبێت بیسەلمێنین کە یەکییەتیی ئەورووپا بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان کار دەکات، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی یەکییەتییەکە بەسەر وڵاتانی یەکییەتییەکەوە نییە.

ئەو هەروەها دەڵێت خاڵ و ئامانجانەش شتێک نییە لە ماوەی ئەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاری کۆنکرێتییان لەسەر بدرێت بەڵکە کۆبوونەوەکان لەسەر ئەو ئامانجانە لە داهاتوودا بەردەوام دەبن و پێکەوە وڵاتان فشار بۆ یەک دێنن تا لە چوارچێوەی وڵاتەکانی خۆیاندا ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن کە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانە.

جێی باسە ئەو کۆبوونەوەیە ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ کۆتایی دێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".