.
ئەنجوومەنی شارەوانی ێۆتێبۆری وێنە: ADAM IHSE / TT

سیاسەتمەدارە بیانییەکان بە سەختی پلەی بەرز بە دەست دێنن

2:18 min

ئەو سیاسەتمەدارانەی کە لە دایکبووی دەرەوەی سویدن بە سەختی دەگەنە پلەی بەرز لە شارەوانییەکاندا. سنوورێکی نادیار هەیە بۆ سەرکەوتنی کەسە بیانییەکان، ئەمە توێژینەوەیەکی نوێی زانستگەی ستۆکهۆڵم نیشانی دەدات.

ئەگەرچی کەسانی بیانیی زیاتر و زیاتر هەڵدەبژێردرێنە ناوەندە بڕیاردەرەکان بەڵام کەمتر دەگەنە پلەی بەرز لە ناو پارتەکانیاندا. زیاتر کەسانی لە دایکبووی سوید دەگەنە دەسەڵاتی بەرز و خەڵکانی بۆ نموونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەختتر سەر دەکەون.

یوهانا ڕیکنێ کە لەگەڵ دوو هاوکاری تری، ئولێ فۆلکێ و مێلانی هیو لەم پرسەیان کۆڵیوەتەوە دەڵێ

ـ ئەو کەسانەی کە لەدایکبووی دەرەوەی سویدن بە ئاسانی دێنە ناو سیاسەت، بەڵام زیاتر ئەو ئەرکانەیان پێ دەدرێت کە دەسەلاتیان کەمترە و زۆر کەمتر ئەرکی باوەڕپێکراویان پێ دەسپێردرێت.

بە پێی توێژینەوەکە لەوە ناچێت خوێندن، تەمەن و جنس کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەرکەوتنی سیاسەتمەدارەکاندا هەبێت. بەڵام بە وتەی توێژەرەکان ئەو کەسانەی کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە سوید دەژین زیاتر سەر دەکەون بۆ پلەی بەرزتر.

توێژینەوەکە هەروەها نیشان دەدات کە کەسە بیانییەکان زیاتر پارتە چەپەکان هەڵدەبژێرن.

ئەو کەسانەش کە لە سوید لە دایک بوون، بەڵام دایک و باوکیان لە دەرەوەی سوید لە دایک بوون باشتر سەر دەکەون.

یوهانا ڕیکنێ پێی وایە حیزبەکان دەتوانن هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە لەم بارەیەوە. ڕیکنێ دەڵێت

ـ ئەگەر پێمان وایە لە بازاڕی کاردا کێشەی هاوگوونجیمان هەیە و کەسانی بیانیی خێرا نایەنە ناو بازاڕی کار ئەوا سیاسەتمەداری بیانیی گرووپێکی باشن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە، چوونکە ئەوان تێگەیشتنێکی باشتریان هەیە و گرینیش بە ئەو پرسانە دەدەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".