.
وێنە: Anders Wiklund/TT

کەم کەس بە تاوانی بێدەنگکردنی شایەتحاڵان دادگایی دەکرێن

3:23 min

ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن شایەتحاڵانی تاوانێک بێدەنگ بکەن کەمتر لە جاران دادگایی دەکرێن.

واتە کەسانێک هەن کە فشار دەخەنە سەر ئەو کەسانەی کە بوونەتە شایەتحاڵی تاوانێک، بۆ ئەوەی لە دادگا شایەدی نەدەن. هەندێک جار هەڕەشەیان لێ دەکەن و هەندێک جاریش پێشنیاری پارەیان پێ دەدەن لە بەرامبەر بێدەنگییاندا.

موحەمەد یەکێک لەو کەسانەیە کە پێشنیاری پارەی پێ کرا بۆ ئەوەی لە دادگا شایەدی نەدات و باس لە کاتی کوشتنی کوڕەکەی خۆی نەکات.

موحەمەد دەڵێت

ـ  لە کافێتێرییایەک کە ڕۆژانە سەردانی دەکەم، دوو کوڕ هاتنە پێش بۆ لام و وتیان نزیکەی ٣٥٠ هەزار کرۆنت دەدەینێ ئەگەر شایەدی نەدەی.

ئەمەش بۆ ئەوەی لە دادگا بکوژی کوڕەکەی دەستنیشان نەکات، بەڵام موحەمەد پارەکەی وەر نەگرت و ڕووداوەکەی بۆ پۆلیس گێڕایەوە.

ـ بەڵام هیچ یارمەتی نەکراین، پۆلیس ئێمەی بە جیددی نەگرت.

سەرەرای ئەوەی کە لە کافێتێریاکە چەندنین کامێرای چاوەدێریی لێیە بەڵام لێکۆڵینەوەکە بەدواداچوونی بۆ نەکرا و دۆسیەکە داخرا. موحەمەد دەڵێت

ـ زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی کەڵک لە کامێراکان وەرگرن، بەڵام پۆلیس گرنگی بەوە نەدا.

هەرچەندە ئەو پۆلیسانەی کە بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت پەیوەندی لەگەڵ گرتوون وەک موحەمەد بیر ناکەنەوە. ماتیلدا لوند و ئۆسا هانسۆن هەردووکیان پۆلیسن و لە ستۆکهۆڵم کار دەکەن، ئەوان دەڵین لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە و فشار کارێکی سەختە چوونکە کەم ڕوو دەدات شایەدێک لەو حاڵەتانەدا بدۆزرێتەوە.

ماتیلدا لوند دەڵێت

ـ ئەوانیش ئەوەندە گەمژە نین لە بەرچاوی خەڵکی ئەم کارانە بکەن، زۆربەی حالەتەکان لە بەینی دوو نەفەردا ڕوو دەدات و هیچ بەڵگەیەکمان بە دەستەوە نییە.

بە بڕوای ئۆسا هانسۆن ئەم کولتووری بێدەنگییە هەر دێت و زیاتر پەرە دەستێنێت. جاران تەنیا تاوانکارەکان پارێزگارییان لە یەکتری دەکرد و شایەدیاین بە دژی یەکتر نەدەدا، بەڵام ئێستا کەسانی ئاساییش دەترسن لە شایەدی دان. چوونکە لەوە دەترسن تۆڵەیان لێ بکرێتەوە و نایانەوێ تێکەڵ بە دۆخەکە ببن.

بەڵام سەرەڕای ئەو فشار و هەڕەشانەی کە لە موحەمەد کران ئەو هەر شایەدی خۆی لە دادگا دا و دەڵێت

ـ ناکرێ من بترسم و تۆ بترسی، ئەی کێ بوێرێ ئیتر. دەبێ یەکێک بوێرێ لەبەرامبەریان بوەستێ.

جیی باسە ساڵانە نزیکەی ٥ هەزار سکاڵا دەربارەی دەست تێوەردان لە پرۆسەی دادگاییدا تۆمار دەکرێن. ٥ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی لە سەدا ٢٢ی ئەم سکاڵایانە یەکلایی کرانەوە کەچی ساڵی پێشوو تەنیا لەسەدا ١٤یان یەکلایی کرانەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".