.
هاوڵاتییانی یۆتۆبۆری دژ بە پەلاماردانی پەرستگای جوولەکەکان هاوسۆزیی خۆیان بە نووسین لەسەر پارچە کاغەز لە شێوەی دڵ بە دەروازی پەرستگاکەوە هەڵواسی. وێنە: Nora Lorek/ TT

سێ کەس بەهۆی گڕتێبەردانی سیناگۆگایەکەوە گیراون

3:31 min

دوای پەلاماردانی پەرستگای جوولەکاکان، پۆلیسی ئاسایشیی سوید، سێپۆ هاوکاریی پۆلیس بۆ پاراستنی ئارامی دەکات و هاوڵاتییان دژ بەو هێڕشانە وەستانەوە.

شەوی شەممەی ڕابوردوو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە بە فتیلەی ئاگر هێرش کرایە سەر سیناگۆگا واتا پەرستگای جوولەکەکان لە ناوەڕاستی شاری یۆتۆبۆری. و ڕۆژی دواتر واتا یەکشەممە سێ کەس بە گومانی ئاگرنانەوە بە نیازی کوشتن، دەستگیر کراون.

 ئەو ڕووداوە واتا گڕتێبەردانی پەرستگای جوولەکەکان زەرەریی گیانیی لێ نەکەوتەوە بەڵام نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی لە نێو جوولەکەکانی سویددا بڵاو کردۆتەوە.

- ئەگنێتا کۆندێن کنوتسۆن لە شاری ڤێستەرۆس دەژی و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی کۆمەڵەی جوولەکەکانە لە سوید، ئەو دەڵێت ڕووداوی لەو جۆرەی یۆتۆبۆری دڵەڕاوکێ دەنێتەوە و هەست دەکەین کە ناهێڵن بە ئارامی بژیت. 

- هەندێک دەگەنە ئەو ڕادەیەی کە شوێنی ژیانیان جێبهێڵن بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە جوولەکەکانی شاری مالمۆ بەهۆی هەڕەشە و نائارمییەوە گواتوویانەتەوە بۆ ستۆکهۆڵم و هەندێکیان گەڕاونەتەوە ئیسرائیل، ئەگنێتا دەڵێت.

جێی باسە ئەم ڕووداوەی یۆتۆبۆری و خۆپیشاندانی سەدەها کەس ڕۆژی هەینی لە شاری مالمۆ وەک ناڕەزایی دژ بە ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ دێت کە بڕیاری گواستنەوەی باڵێۆزخانەی ئەمەریکیی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس (ئورشەلیم) ڕاگەیاند و هەروەها قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتوانی ڕادیۆی سوید لە شاری مالمۆ خۆپیشاندەرانی ڕۆژی هەینیی بە درووشمی دژە جولەک و ئیسرائیل هەروەها دژ بە بێهەڵوێستیی سەرکردە عەرەبەکان کۆبونەتەوە و هاواریان کردووە: ئێمە لێرەوە لە شری مالمۆوە ڕاپەڕین ڕادەگەیەنین و ئازادی خۆمان دەسێنینەوە هەروەها دەست بە پەلاماردان و تەقەلێکردنی جوولەکەکان دەکەین.

هەروەها دروشمی وەک: جوولەکەکان ئاگادار دەکەین کە سووپای موحەمەد بەڕێوەیە!

وەزیری داد و ناوخۆی سوید مورگان یوهانسۆن دەڵێت ئەوەی ڕوویداوە کێشە بۆ دیموکراسییەت دەنێتەوە و وا دەکات کە خەڵکی نەوێرن بە ئازادیی پەیڕەویی لە بیروباوەڕ و ئایینی خۆیان بکەن.

ئەو هەروەها دەڵێت لەلایەن ئێمەوە گرنگە ڕوون و ئاشکرا بێت کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت بهێنرێنە نێو سوید، ئەوی لە سوید دەژی ئازادی پارێزراو دەبێت و لێرە یاسای سویدی پەیڕەو دەکرێت.

سەرەکوەزیرانی سویدیش ستێفان لۆڤێن لە ڕاگەیاندنێکی مێدیاییدا دەڵێت کە بەرامبەر بەو ڕووداوە زۆر نیگەران و تووڕەیە و دەڵێت لە کۆمەڵگەی سویدیدا جێی (antisemitism) دژەجوولەکە نابێتەوە.

جێی ئاماژەیە، بۆ پاراساتنی ئارامی و ئاساییش پۆلیسی ئاساییشی سوید سێپۆ هاوکاریی پۆلیس دەکات بۆ پاراستنی پەرستگای جوولەکەکان لە هەرشوێنێکی سویددا هەبن، لەهەمان کاتتدا هاوڵاتییان ناڕەزاییان دژ بە پەلاماردانی پەرستگای جوولەکەکان دەربڕی و بە گوڵ و هەڵواسینی کاغەز لە شێوەی دڵ بە دەروازەی پەرستگاکەوە هاوسۆزیی و پشتگیریی خۆیان بۆ جوولەکەکان دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".