.
وێنە: Magnus Hjalmarson Neideman / SvD / TT

لێکۆڵینەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵم دواکەوتووە

1:32 min

 لێکۆڵینەوەی پۆلیس سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ڕابردووی شاری ستۆکهۆڵم دواکەوتووە. ئەمەش بەهۆی ناڕێکی و تێکەڵی ئەو دۆسیانەی بۆ لێکۆڵینەوەکە لە لایەن کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە دراون بە پۆلیس.

بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی داگێنز نیهێتەر (Dagens Nyheter)، پۆلیس لە ڕێگەی داواکردنی زانیاری لە کۆمپانیاکانی مۆبایل ویستوویە زانیاری زیاتری دەست بکەوێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی گومانلێکراوی تاوانەکە، ڕەخمەت ئاکیلۆڤ. هاوکات ویستوویە لەو ڕێگەیەوە ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە بەر لە ڕووداوەکە و دوای ڕووداوەکە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسی ناوبروادا بوون.

بەڵام ئەو دۆسیانەی لە لایەن کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە دراون بە پۆلیس کە ژمارەیان نزیکەی ١٥٠٠ دۆسییەن، ناڕیک و تێکەڵ و پێکەڵ بوونە. 
بەرپرسێک لە بەشی لێکۆڵینەوە لە پۆلیس بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە جیاوازی فۆرم و شێوەی فایلەکانی کۆمپانیاکان شتێکی چاوەڕوان کراو بووە، بەڵام ئەو کەسەی بەشە پێویستەکانی ناو فایلەکانی بۆ ئەوان هەڵبژاردووە و ئامادەی کردووە بە پێی ئەو سیستەمە کاری نەکردووە کە پێشتر ئەوان هەیانبووە. ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی کە لێکدانەوەیەک کە دەبوایە لە چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە ئەنجام بدرێ، پێنج هەفتە درێژە بکێشێ.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی دواکەوتنەکە ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە بواری یاساییدا ڕوویداوە. پێشتر کۆمپنایاکانی مۆبایل دەیانتوانی ترافیکی ئاخاوتنی موشتەریەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ تۆمار بکەن، بەڵام دوابەدوای بڕێارێکی دادگای یەکییەتی ئەوروپا، ئیدی پێویست ناکا چیتر ئەمە بکەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".