زانیاریی گرنگ لە کاتی دادگاییکردنی نازییەکدا شاردراوەتەوە

2:55 min

دوو نازی کە گومانی پلانی تەقاندنەوەی کامپی پەنابەرانیان لەسەر بوو، دادگا ئازادی کردن لە کاتێکدا بەڵگەی ڕوون لەسەر تێوەگلانیان هەبووە.

مانگی جانوەری ساڵی پار بۆمبێک لە بەردەم کامپێکی پەنابەران لە شاری یۆتۆبۆری تەقییەوە و بووە هۆی برینداربوونی پاکژکاری ئەو کامپە. 

هەر زوو سێپۆ، پۆلیسی نهێنیی سوید ئەو ڕووداوەیان بەستەوە بو دوو ڕووداوی دیکە کە لە یۆتۆبۆری بە دەستی ئەندامانی گرووپێکی نازی ئەنجام درابوون. هەر بۆیە پۆلیسی ئاسایش چاودێریی دەخاتە سەر ڤیکتۆر مێلین سەرۆکی یەکێک لە گرووپە نازییەکان.

دواتر لە چاودێرییەکانی پۆلیس بەیارمەتی (GPS) دەر دەکەوێت کە مێلین سێ کاتتژمێری کاتگری کڕێوە کە لە دروستکردنی ئەو بۆمبەدا بەکار هێنرابوون کە کامپی پەنابەرانی پێ تەقێنرابۆوە، هەروەها پۆلیس (DNA) ی ڤیکتۆر مێلینی  لە پارچەی بۆمبەکەدا دۆزوەتەوە.

ئێستا و لە بەدواداچوونەکانی ڕادیۆی سوید دەرکەوتووە کە هەرچەندە پۆلیسی ئاساییش و داواکاری گشتیی ئەم زانیارییانەیان لەبەردەستدا بووە کەچی لە کاتی دادگاییکردنی ڤیکتۆر مێلیندا باسیان لێ نەکراوە و دواتر مێلین لە دادگای تێهەڵچوونەوە بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کرا.  

رالف گێ لارشۆن سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە دەڵێت ئەو بەڵگانە گرنگ بوون بۆ بڕیاری دادگا.

بەڵام ماتس یونگکڤیست داواکاری گشتی کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە بەراییەکان بووە لە گومانلێکراو ڤیکتۆر مێلین، دەڵێت گەر ئەو جۆرە بەڵگانە بەو وردەکارییەی لە دەستی ئـێمەدایە ئاشکرا بکرێت ئەوا دەبێتە زانیاریی گرنگ بۆ گرووپە تاوانکارەکان و بواریان بۆ دەڕەخسێنێت کە خۆیان بپارێزن، ئەو کاتە کاری پۆلیس و چاودێرییەکان سەخت دەبێت.

جێی باسە لە بەدواداچوونێکی دیکەی ڕادیۆی سویددا دەرکەوت کە دوای ئەنجامدانی تەقینەوەکەی کامپی پەنابەران لە شاری یۆتۆبۆری، لە چاودێرییەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە کە گومانلێکراو ڤیکتۆر مێلین پلانی تەقاندنەوەی کامپێکی دیکەی داوە و بە بەرچاوی پۆلیسەوە بۆمبەکەی داناوە بەڵام بەهۆی هەڵەیەکەوە نەتەقیوەتەوە بەڵام پۆلیس مێلینیان دەستگیر نەکردووە.

ئەم بێدەنگییەی پۆلیس بۆتە جێی ڕەخنەی پسپۆرانی بواری دادوەری.

جێی ئاماژەیە گومانلێکراو ڤییکتۆر مێلین بەهۆی ئەنجامدانی دوو تەقینەوەی دیکە سزا دراوە بەڵام سزاکەی سووکە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista