.
وێنە: Stina Stjernkvist/TT

کریستێرشۆن ئەلتەرناتیڤی پێکهێنانی حکوومەت دەخاتە بەردەست

کریستێرشۆن ئەلتەرناتیڤی پێکهێنانی حکوومەت دەخاتە بەردەست
2:18 min

سەرۆکی پارتی مۆدێراتەکان ئولف کریستێرشۆن دوو ئەلتەرناتیڤ، بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەخاتە بەدەردەست پارتەکانی بەرەی هاوپەیمان.

کریستێرشۆن لە فەیسبووکی تایبەتی خۆی نووسی دوو ئەلتەرناتیڤمان هەیە، یان ئەوەیە کە وەک بەرەی هاوپەیمان بە بێ پشتیوانی سوسیالدیموکراتەکان دەڕۆینە پێش و حکوومەت پێک دێنن

یان ئەوەی کە مۆدێراتەکان حکوومەت بە تەنێ، یان بە هاوکاریی پارتێک، یان دوو، یان سێ پارتی دیکە لە بەرەی هاوپەیمان پێک دێنن.

ئەم حکوومەتە کە پێکدێت لە سێ یان دوو یان یەک پارت لە بەرەی هاوپەیمان وەک حکوومەتێکی هاوپەیمان ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت. لەم حکوومەتەدا نە ڕیگا بە دیموکراتە سویدییەکان دەدرێت دەسەڵاتیان لە ڕێبازی سیاسیی حکوومەت هەبێت نە بە پارتی چەپیش.

توماس ڕامبەری شرۆڤەکاری سیاسەتی ناوخۆ لە ڕادیۆی سوید دەڵێت

ـ پێدەچێت بەم دەربڕینەی کریستێرشۆن نزیک بین لە پێکهێنانی حکوومەت، و لەوانەی هەفتەی داهاتوو ئەم پرسە یەکلایی بێتەوە.

ڕامبەری هەروەها دەیشڵێت چەند مانگ پێش لە هەڵبژاردن هەر باس لەو ئلەتەرناتیڤەی دووەم دەکرا کریستێرشۆن ئەمڕۆ خستوویەتییە بەردەست. کەچی کریستێرشۆن ماوەیەک لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت وتی تەنها مەگەر ئاسمان خۆی لە عەرز بدات ئینجا ئەم ئەلتەرناتیڤە بەکار دێت. بەڵام واوێ دەچێت ئێستا هەر ئەم ئەلتەرناتیڤە سەربگرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

کریستێرشۆن هەروەها لە بەردەوامی بابەتەکەیدا نووسی لەوانەیە پێشنیارەکانی من باشترین ئەلتەرناتیڤ نەبن، بەڵام باشترە هەموو هەوڵێک بخەینە کار بۆ گەیشتن بە سیاسەتی هاوبەشی بەرەی هاوپەیمان، نەک دەسەڵاتی حکوومەت بدەینە دەستی سوسیالدیموکراتەکان و ستیفان لیۆڤێن.

جێی باسە کریستێرشۆن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە سەرۆکی پەرلەمان ئاندرێیاس نۆرلێن ڕادەگەیەنێت کە بە یەکێک لەم پێشنیارانە ئامادەیە ئەرکی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی سوید بگرێتە ئەستۆ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".