چۆن ده‌بێ ده‌نگ بدرێ؟

مرۆڤ بۆی هه‌یه ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ شوێنی ده‌نگداندا حازر بێ و ده‌نگ بدا، یان له‌ هه‌ندێ شوێنی تایبه‌تدا پێشوه‌خت ده‌نگ بدا. هه‌روه‌ها ئیمکانی ده‌نگدان له‌ ڕێی نامه‌ یا وه‌کیلیش هه‌یه‌. ده‌نگده‌ر بۆی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر سێ ئاستی هه‌ڵبژاردندا (په‌رله‌مان، پارێزگا، شاره‌وانی) ده‌نگ به‌ حیزبێکی جیاواز بدا.

مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ده‌نگ بدا ده‌بێ ناوی له‌ لیسته‌ی ده‌نگده‌راندا هه‌بێ. ده‌زگای هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌رێتی‌ به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک، لیستی ده‌نگده‌ران ئاماده‌ بکا.

ده‌زگای هه‌ڵبژاردن ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک، کارتی ده‌نگدان بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ ده‌نێرێ. ئه‌وانه‌ی له‌ شوێنی ده‌نگداندا به‌شدار ده‌بن و ده‌نگ ده‌ده‌ن، ده‌بێ کارتی ده‌نگدانیان پێبێ و بتوانن کارتی پێناسه‌ی خۆشیان نیشان بده‌ن، یا ئه‌وه‌ی‌ پێناسه‌که‌یان بسه‌لمێنن.

هه‌ر کۆمۆنه‌ی له‌ چه‌ند ناوچه‌ی ده‌نگدان (valdistrikt) پێکهاتووه‌. له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کی ده‌نگدانیشدا حه‌وزه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌. ڕۆژی ده‌نگدان، له‌ هه‌ر حه‌وزه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا ئه‌و که‌سانه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ژین. حه‌وزه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌ پێی یاسا له‌ نێوان سه‌عات هه‌شتی به‌یانی تا هه‌شتی شه‌ودا ئاوه‌ڵه‌ن.

مرۆڤ هه‌روه‌ها ده‌توانێ پێشوه‌ختیش ده‌نگ بدا (پێشتر پێیان ده‌گوت ده‌نگدانی پۆستی چونکه‌ به‌رپرسییه‌که‌ی به‌ ئیداره‌ی پۆست بوو). که‌چی له‌مساڵه‌وه‌ ئه‌م به‌رپرسییه‌ به‌ کۆمۆنه‌کانه‌. ده‌نگده‌ران ده‌توانن پێشوه‌خت له‌ شوێنێکی ده‌نگداندا بۆ وێنه‌ کتێبخانه‌یه‌ک، له‌ ١٨ ڕۆژ به‌ر له‌ رۆژی ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

کومیته‌ی ده‌نگدان (valnämnden) کاروباری وه‌رگرتنی ده‌نگ له‌ نه‌خۆشخانه‌کان له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌وێ ده‌نگی خۆیان بده‌ن بۆوێنه‌ نه‌خۆشه‌کان، کارمه‌ندان و ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته‌ سه‌ردانێ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

له‌ هه‌موو شوێنه‌کانی ده‌نگداندا، په‌رده‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌ که‌ ده‌نگده‌ران ده‌توانن به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س بیانبینێ وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانی خۆیان بخه‌نه‌ ناو زه‌رفی ده‌نگدانه‌وه‌. ئه‌و که‌سه‌ی به‌ هۆی نه‌خۆشی، که‌مئه‌ندامی یا ته‌مه‌نزۆری ناتوانێ خۆی له‌ حه‌وزه‌ یا شوێنی ده‌نگداندا حازر بێ، ده‌توانێ به‌ ڕێگه‌ی وه‌کیله‌وه‌ ده‌نگی خۆی بدا. زیندانییه‌کانیش بۆیان هه‌یه‌ هه‌ر به‌مجۆره‌ ده‌نگ بده‌ن.

ئه‌و که‌سه‌ی پێشوه‌خت ده‌نگی داوه‌ (له‌ ناو سوید یا ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا) ده‌توانێ له‌ ده‌نگی خۆی پاشگه‌ز بێته‌وه‌. ده‌بێ له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا له‌ حه‌وزه‌ی ده‌نگدان حازر بێ و جارێکی‌تر ده‌نگ بدات. له‌م حاڵه‌دا‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ حه‌وزه‌ی ده‌نگدان داوێتی ده‌ژمێردرێ و ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌.

له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا چۆن ده‌نگ ده‌درێ؟

سویدییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێتوو له‌م ده‌ ساڵه‌ی دواییدا چووبنه‌ ده‌ره‌وه‌، یان ئه‌وه‌ی‌ سی ڕۆژ به‌ر له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن داوایان له‌ ده‌زگای زه‌ریبه‌ کردبێ که‌ بخرێنه‌ ناو لیسته‌وه‌، ئه‌وا له‌ لیستی ده‌نگده‌راندا ناونووس ده‌کرێن.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن ده‌توانن له‌ شوێنی به‌رپرسیارێکی فه‌رمی وه‌ک باڵوێزخانه‌ و کۆنسولاتدا ده‌نگی خۆیان بده‌ن. ده‌نگدان ڕۆژی ٢٤ی ته‌باخ (ئاوگوستی، مانگی هه‌شت) ده‌ست پێده‌کا و له‌ هه‌ندێ ناوچه‌دا ماوه‌یه‌کی کورتی‌تریش به‌رده‌وام ده‌بێ. ده‌نگه‌کان ده‌بێ لانی که‌م ڕۆژێک به‌ر له‌ ڕۆژی ده‌نگدان بگه‌نه‌ ده‌ست به‌رپرسانی هه‌ڵبژاردن.

ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیشته‌جێن ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی نامه‌وه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێک که‌ هه‌ن ده‌نگ بده‌ن. مه‌له‌وانانی سه‌ر که‌شتی له‌ ده‌ره‌وه‌تی وڵاتیش ده‌توانن به‌ نامه‌ ده‌نگ بده‌ن. ده‌نگدان به‌ نامه ده‌بێ لانی زۆر، ڕۆژی سێی ته‌باخ (ئاوگوست) ئه‌نجام بدرێ و ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی گشتی‌ بگاته‌ جێ. بۆ ده‌نگدانی به‌ نامه‌ هه‌ندێ شتی تایبه‌ت پێویستن که‌ ده‌کرێ له‌ ده‌زگای ده‌نگدان () یا به‌رپرسێکی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، داوا بکرێن.

ده‌نگدانی تاکه‌که‌سی چۆناوچۆنه‌؟

تۆ ده‌نگ ده‌ده‌یته‌ حیزبێک و هاوکاتیش به‌ لێدانی زه‌ربێک له‌ پێش ناوی پاڵێوراوێک له‌ لیستی پاڵێوراوانی ئه‌و حیزبه‌دا، نیشانی ده‌ده‌ی که‌ حه‌زت لێیه‌ کام پاڵێوراو هه‌ڵبژێردرێ. ته‌نیا ده‌بێ پاڵێوراوێک هه‌ڵبژێردرێ. مرۆڤ بۆی نییه‌ خۆی ناوێک له‌ لیسته‌ی پاڵیوراوانی حیزبه‌که‌‌ زێده‌ بکا.

وه‌ره‌قه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ کوێوه‌ دێن؟

ئه‌و حیزبانه‌ی له‌ یه‌کێ له‌و دوو هه‌ڵبژاردنانه‌ی دوایی پارله‌ماندا، لانی که‌م یه‌ک له‌ سه‌دی ده‌نگه‌کانیان له‌ هه‌موو وڵاتدا هێنابۆوه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ لیستی پاڵێوراوانیان به‌لاش بۆ چاپ بکرێ. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌نجومه‌نی پاریزگا و شاره‌وانیش بگرێته‌وه‌، ئه‌و حیزبه‌ی بکه‌وێته‌ ناوه‌وه‌ یان پێشتر که‌وتبێته‌ ناو ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، ئه‌وا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ وه‌ره‌قه‌کانی به‌لاش چاپ بکرێن.

وه‌ره‌قه‌کانی هه‌ڵبژاردن سیانن:
لیستی ناوی پاڵێوراوان، وه‌ره‌قه‌ی هه‌ڵبژاردنی حیزبی که‌ به‌س ناوی حیزبه‌که‌ی پێوه‌یه‌، هه‌روه‌ها وه‌ره‌قه‌ی سپیی هه‌ڵبژاردن که‌ ده‌کرێ ناوی حیزبی له‌ سه‌ر بنووسرێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista